یوفا گۆڕانكاری لە یارییەكەی یۆڤانتۆس و ریال مەدرید دەكات

:: AM:11:56:18/05/2017 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) ئاشكرای كرد كە ئەمساڵ گۆڕانكارییان لە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێوان هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و ریال مەدرید كردووە و یانەی براوە لە شوێنیكی تردا جامەكە بەرز دەكاتەوە.

رۆژی 3ی مانگی داهاتوودا هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و ریال مەدرید لە یاریگەی كاردیف لە ویڵز لە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

ئەلیكسەندەر سیفیرین سەرۆكی یوفا رایگەیاند كە لە وەرزی ئەمساڵی یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا گۆڕانكارییان لە شوێنی دابەشكردنی جامی پاڵەوانیەتییەكەدا كردووە.

زیاتر گوتی: لە پاڵەوانیەتییەكانی رابردوودا جامەكە لە پەیژەكان جامەكە بە كاپتنی یانەكان دەدرا و لەوێ ئاهەنگی بەرزكردنەوەی خەڵاتەكە دەگێڕدرا، بەڵام ئەمساڵ جامەكە دەبەینە نێو یاریگە و بەرپرسانی لەوێ خەڵاتەكان دابەش دەكەن و دواتریش جامی پاڵەوانیەتییەكە بە یاریزانان دەدەن.

زیاتر گوتی: ئەم سیستەمە لە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بۆ ئافرەتان و هەروەها خولی ئەوروپاش جێبەجێ دەكەن.

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا ئاماژەی بەوەدا كە یاریگە شوێنی سەركەوتنی یاریزانانە و پێویستە هەر لەو شوێنەش ئاهەنگی سەركەوتنەكانیان بگێڕن.

ئاماژەی بەوەشدا كە كارەكانی دابەشكردنی خەڵاتەكان و دواتریش جامەكە هەمووی كەمتر لە 5 خولەك دەخایەنێ و هاندەرانیش لەنێو یاریگەوە بەجوانترین دیمەنەكانی ئاهەنگی سەركەوتن شاد دەبن.

جێی باسە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا رۆژی 3ی مانگی داهاتوو لەنێو یاریگەی شاری كاردیفی ویڵز لەنێوان هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و ریال مەدرید بەڕێوە دەچێت، دوو رۆژ پێشتریش یاریی كۆتای خولەكە بۆ ئاستی ئافرەتان لە هەمان یاریگە لەنێوان هەردوو یانەی فڕەنسی پاریس سان جێرمان و لیۆن بەڕێوە دەچێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م