حكوومەتی عێراق لە خۆراكدا كوردستانی پشتگوێ خستووە


ساڵانی رابردوو بەتایبەتی بەر لە ساڵی ٢٠١٤، لە بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراك كۆمەڵێك پێداوسیتی خۆراك بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرا، بەڵام ئێستە ئەوەی هاووڵاتییان وەریدەگرن ئەوەندە كەمە كە هیچ بۆشایییەك لە پێداویستییەكانی خۆراك لای خیزان پڕ ناكاتەوە.

بریكارەكان دوو مانگ و هەندێك جار سێ مانگ جارێك یەك جۆر كەرەستەی وەك برنج یان رۆن دابەش دەكەن كە هەندێك جار ئەو بڕە كەمەشیان كوالێتییەكەی زۆر خراپە.

ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر كەمبوونەوەی بڕی دابەشكردنی خۆراك كۆمەڵێك هۆكار دەخاتە ڕوو كە بەشێكیان پێوەندی بە هەموو عێراق  و بەشەكەی تر پێوەندی بە كوردستانەوە هەیە.

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پێش ئەو تەنگژە دارایییە ساڵانە سەرووی پێنج تریلیۆن دینار لە بودجەی عێراق بۆ خۆراك تەرخان دەكرا، بەڵام دواتر كەم كرایەوە بۆ خوارووی دوو تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار.

ئەو دەڵێت كەمبوونەوەی بودجەكە هۆكار بوو لەوەی ئەو خۆراكەی دابەش دەكرا چ لە رووی جۆر و چ لە رووی كوالێتی لە سەرتاسەری عێراق داببەزێت.

بەگوتەی ئەحمەدی حاجی رەشید، هەندێك هۆكاریش تایبەتن بە كوردستان و حكوومەتی عێراق ئەو كەمەشی بە ڕەوا نەزانیوە بۆ كوردستانی بنێرێت، چونكە پێی وایە هەرێمی كوردستان بودجەكەی خۆی جیا كردووەتەوە و نابێت حكوومەتی عێراق ئەو خۆراكە بۆ كوردستان دابین بكات.

لەبارەی مانگی رەمەزان و دابەشكردنی خۆراكی زیاتر بەسەر هاووڵاتییان ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق روونی كردەوە كە هیچ شتێك لە ئارادا نییە.





وشە - سلێمان تاشان


PM:01:21:18/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 2314 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌