نەوت گەیشتە نزمترین ئاست لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا

:: PM:03:17:26/10/2016 ‌

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسەوە کە رۆژانی دووشەم دەست پێ دەکات نرخی نەوت لە دابەزیندایە و سەرووی دوو دۆلار نرخی دابەزیوە.

رۆژی دووشەم نرخی نەوت لە نزیک ٥٢ دۆلارەوە دابەزی بۆ ٥١ دۆلار و ٣٦ سەنت، دوێنێ سێشەم نرخەکە شۆڕبوویەوە بۆ ٥٠ دۆلار و ٢٠ سەنت و ئەمڕۆ چوارشەمیش نرخەکەی دابەزیوە بۆ ٤٩ دۆلار و ٩٣ سەنت کە نزمترین نرخییەتی لەماوەی  سێ هەفتەی رابردوودا.

بەرزبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ئەمریکا و نێیجریا بە گرنگترین هۆکاری ئەو دابەزینەی نرخی نەوت هەژمار دەکرێن. بەپێی دوایین راپۆرتی کۆگاکردنی نەوتی ئەمریکا بڕەکە چوار ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل زیادی کردووە.

هاوکات بازاڕی نەوت چاوی بڕیوەتە نرخی دۆلار و لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی دۆلار گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا. پێشبینی کراوە نرخی نەوت تا  ٤٩ دۆلار داببەزێت.

سەرچاوە/livechart—-رۆیتەرز


وشە - سلێمان تاشان