%23 خەڵكی كوردستان جگەرەكێشن

:: PM:02:35:18/05/2017 ‌

لە ئامارێكی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، %23 خەڵكی هەرێمی كوردستان جگەرەكێشن و ئەو ڕێژەیەش بەشی زۆری ڕەگەزی نێرە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی ئایار/ مایۆ، خاڵس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دەستپێكی هەڵمەتی هۆشیاریی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە و نێرگەلەكێشان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، هەروەها ئاماری جگەرەكێشانیشمان خستە ڕوو كە پێویستە بەرەنگاری ببینەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە لە ڕێی لیژنەی پێكهاتوو لە دەستەی ژینگە، تەندروستی، پیشەسازی و بازرگانی هەوڵی خۆمان دەدەین.

خاڵس زیاتر گوتی، لە دنیادا ۲۱% خەڵك جگەرەكێشن، لە ڕەگەزی نێر ۳٨% و لە مێ ٤%ە، هەروەها لە كوردستان  ۲۳% ی خەڵك جگەرەكێشن، لە ڕەگەزی نێر ٤٦ % و لە مێیش ۳.۳%یە.

خاڵس ئاشكرای كرد كە ئەو هەڵمەتەی ئێمە بەردەوامی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی جگەرەكێشان و كەمكردنەوەی ڕێژەی جگەرەكێش، ئەمەش بەو هەڵمەتی هۆشیارییەی دەستمان پێ كردووە.

جگەرە و نێرگەلە تێكەڵكراوی مادەی نیكۆتینن، ئەمەش مەترسیی هەیە بۆ سەر تەندروستیی كەسەكان و زۆرجار هۆكارێكە بۆ كوشتنیان.



وشە - رامیار جەواد