هەفتەیەكە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە فەرمی وەڵامی پاساوەكانی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی داوەتەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنەكەش پێی وایە، وەزارەتی دارایی هەر دەبێت رێكارێك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكەیان بدۆزێتەوە، ئەگەر ئێستەش لە توانایدا نەبێت جێبەجێی بكات.
عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە هێشتا وەڵامی ئەو داخوازییانەیان وەرنەگرتووەتەوە كە هەفتەی رابردوو لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی پاساوەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری پێشكەشی حكوومەتیان كردبوو.
ئەو دەڵێت، پڕۆژەكەی ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر بۆ گەڕاندنەوەی قەرز لە بری قەرز لە چوارچێوەی ژمێرەی بانكی، پڕۆژەیەكی لۆجیكی و گونجاو بووە و تەنانەت هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگرەكەی رەتیان نەكردووەتەوە، بەڵام چونكە ئەركی وەزارەتی دارایییە رێكاری جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە دابنێت، لە وەڵامەكەدا ئێستەیان بە گونجاو نەزانیوە جێبەجێی بكەن.
یەكێك لەو پاساوانەی وەزارەتی دارایی خستبوویە ڕوو، ئەوەبوو نووسیبوویان بڕی پاشەكەوتی فەرمانبەران دیار نییە و ناتوانن ئێستە قەرز لە بری قەرز بگەڕێننەوە. عەلی رەشید دەڵێت، "ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر راپۆرت یا پڕۆژەی نوێی بۆ حكوومەت نەناردووەتەوە، تەنیا وەڵامی پاساوەكانی وەزارەتی دارایی بۆ جێبەجێ نەكردنی پڕۆژەكەی داوەتەوە و لە وەڵامی ئەو پاساوەی وەزارەتی داراییش روونیان كردووەتەوە، پاشەكەوتی هەموو فەرمانبەرێك لە فەرمانگەكەی خۆی دەردەكەوێت."
سەرۆكی ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر پێی وایە ئەگەر حكوومەت ئێستەش جێبەجێی نەكات، شەش مانگی تر هەر دەبێت جێبەجێی بكات و تەنانەت هەندێك لە خاڵەكانیش جێبەجێ كراون. بۆ نموونە سیستەمی بایۆمەتری تەواو بووە و ئەو ژمارە حیسابەی بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە، رێك بۆ ئەو پڕۆژەیە سوودی لێ وەردەگیرێت.
بەگوتەی عەلی رەشید، هەموو هەوڵێك ئەوەیە رەسید بچێتە نێو ژمارە حیسابی فەرمانبەران و فەرمانبەران بتوانن لە حیسابی پاشەكەوتیان سووود وەربگرن.
ئەو پێی وایە خۆی رێكارەكە دەبێت وەزارەتی دارایی دایبڕێژێت، چونكە ئەركی وەزارەتەكەیە.
جێگەی باسە راپۆرتەكەی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئاراستەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی داراییش كراوە تا رێكاری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.