ماوەیەكە رووداوی تەناهی و نەخوازراو لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی یەكەی كارگێڕیی گەرمیان، رووی لە زیادبوون كردووە، وەك لكاندنی بۆمب لە شێوەی نارنجۆك بە ئۆتۆمبێل و هەڵكوتانەسەر ماڵان بە چەكەوە بۆ ئەنجامدانی دزی و نەگرتنی سەرجەمی تاوانكارن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی ئایار/مایۆ، شایەتحاڵێك لە گوندی گردەگۆزینەی نزیك شارۆكەی كەلار بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆمبێك لە شێوەی نارنجۆك بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری سایلۆوە لكێنراوە و دواتر تەقییەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەوە دوور بووە لە دووكانەكەمان، زیانی گیانی نەبوو .
رائید عەلی جەمال بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان، هەواڵەكەی بۆ " وشە" پشتڕاست كردەوە و ئاماژەی دا، بكەرانی ئەو كارە ئاشكرا نەكراون.
زیاتر روونی دەكاتەوە، خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە دەڵێ كێشەمان لەگەڵ كەسدا نییە و پۆلیسی گەرمیانیش دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە تا ئەنجامدەران بدۆزێتەوە.
دایكی ئیسار محارب بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە بۆ " وشە" دوا و گوتی، بەر لە هەفتەیەك سێ دز هەڵیانكوتایە سەرماڵەكەمان و "ئیسار"ی كوڕمیان كوشت، دوێنێ چوارشەم گوێبیستی گرتنی دزەكان بووین و خۆشحاڵ بووین، بەڵام هێشتا كەسێكیان نەگیراوە، بۆیە داوای گرتنی كەسی سێیەمیان دەكەین.
داواكاریی دایكی ئەو كوژراوە لە كاتێكدایە كە ئاسایشی گەرمیان دوو كەسی لەو دزانە گرتووە كە لەگەڵ كەسێكی تر هەڵیانكوتابووە سەر ئەو ماڵە و كوڕێكیان كوشتبوو، بەڵام بكوژی سێیەم شوێنی نادیارە. بۆ ئەوەش بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی گەرمیان، نەقیب عوسمان عەبدولكەریم بۆ " وشە" ئاماژەی دا، ئەوان لە لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامن بۆ گرتنی هەر تاوانبارێك كە لە ناوچەكەدا تاوان ئەنجام بدات.
ئاشكرانەبوونی ئەنجامدەری لكێنەری بۆمبی نارنجۆك بە ئۆتۆمبێل و هەڵاتنی دزێكی بكوژ، لە كاتێكدایە كە وەهاب حەسەن دەوڵەمەندێكی كەلارە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، شەوی پێشتر نامەی هەڕەشە ئامێز فڕێ دراوەتە ماڵەكەی و دووپاتی دەكاتەوە، نازانم سكاڵا لەسەر كێ تۆمار بكەم لە كاتێكدا ناكۆكیم لەگەڵ كەسدا نییە.
گەرمیان / سەبری هۆرینی