هونەرمەند محەمەد رەئووف كەركووكی ئەمرۆ پینجشەم نوێترین بەرهەمی هونەری خۆی بەناوی "شاژنی خەیاڵ" بڵاو كردەوە.
محەمەد رەئووف كەركووكی لەو بارەوە بە"وشە"ی راگەیاند، كلیپ و گۆرانی "شاژنی خەیاڵ" ناوی نوێترین بەرهەمی خۆمە و ئەمڕۆ بڵاومان كردووەتەوە و زیاتر گوتی، ئەو گۆرانییە لەگەڵ ستافی "خاك تیڤی" و بە میوزیكی جوانی هونەرمەند هێمن حوسین دوا گرتەی ڤیدیۆكلیپەكە كۆتایی هاتووە.
زیاتر گوتی، گۆرانییەكە لە هۆنراوەی شاعیر ساڵح بێچارە و لە میلۆدی بوڕهان موفتی و لەدەرهینانی شادمان محەمەدە و كاری ریكۆرد و ماسترینگی لە ستۆدیۆ میلۆدی ئەنجام دراوە و لە شاری سلێمانی وێنەی گیراوە.
شادمان محەمەد دەرهێنەری بەرهەمەكە بە"وشە"ی راگەیاند، كاری كامێرای ئەو بەرهەمە سیروان كەریم و كاری مۆنتاژ هەرێم نووری و رووناكی حەمە واحید و ماكیاژی رێژین لوقمان ئەنجامیان داوە و هەریەك لە ئۆرڤان ئاراس و شێنێ عەلی كاری نواندنی كلیپەكەیان كردووە.
روونی كردەوە، ئەو گۆرانییە باس لە چیڕۆكی كەسێك دەكات كە بە هۆكارێك لە خۆشەویستەكەی دابڕاوە و پاشان كەسەكە وەك بیرەوەری لە زەهنیدا ماوەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ یادگارییە جوانەكانی رابردووی.
هەولێر/ شاخەوان شێخانی