لە هەولێر یادی رۆژی جیهانی مۆزەخانە كرایەوە

:: PM:05:02:18/05/2017 ‌

بەبۆنەی رۆژی جیهانی مۆزەخانەوە رێوڕەسمێكی تایبەت بەو بۆنە لە هۆڵی مۆزەخانەی شارستانی هەولێر بەرێوە چوو كە بە نمایشكردنی چەندین پارچە شوێنەواری گرنگ كە لە گۆڕەكەی ناو بازاڕی هەولێر لەلایەن تیمی پسپۆڕی كنە و پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر دۆزرابوونەوە دەستی پێ‌ كرا.

رێوڕەسمەكە لە هۆڵی مۆزەخانەی شارستانی هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی سەندیكای شوێنەوارناسان و كۆمەڵێك لە شوێنەوارناس و شوێنەواردۆستان ساز كرا.

بەشی یەكەمی رێوڕەسمەكە تایبەت كرابوو بە نمایشكردنی چەندین پارچە شوێنەواری گرنگ كە لە گۆڕەكەی ناو بازاڕی هەولێر لەلایەن تیمی پسپۆری كنە و پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر دۆزرابوونەوە.

دواتر دكتۆر عەبدوڵا خورشید سەرۆكی سەندیكای شوێنەوارناسان وتارێكی پێشكەش كرد و باسی لە گرنگیدانی زیاتر بە شوێنەوار و مۆزەخانە كرد، دواتر ئەحمەد جەودەت بەرپرسی مۆزەخانەی شارستانی هەولێر باسی لە رۆڵی مۆزەخانە لە ناساندنەوەی رابردوو بە نەوەكانی داهاتوو كرد.

شایەنی باسە بە هۆی زۆربوونی كاری شوێنەواری و هاوكاری و هاوپەیمانی لە نێوان وڵاتە جیاوازەكاندا، لە ساڵی 1977 رێكخراوی icom هەستا بە دیایكردنی رۆژێكی جیهانی بە مەبەستی بەرز و گرنگ راگرتنی شوێنەوار لە جیهاندا، بۆیە ساڵانە هەڵدەستێت بە دەستنیشانكردنی درووشمێك كە لە سەر پۆستەرێك بە چەندین زمانی زیندووی جیهان بڵاو دەبێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل