له‌ هه‌ولێر شوێنه‌واری سه‌رده‌می ئاشووری ناوه‌ڕاست دۆزراوه‌ته‌وه‌

له‌ رۆژى جیهانى مۆزه‌خانه‌دا به‌رپرسی به‌شی هه‌ڵكۆڵین له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری هه‌ولێر رای گه‌یاند كه‌ ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 93 پارچه‌ شوێنه‌وار له‌ هه‌ولێر دۆزراونه‌ته‌وه‌، هاوكات ئێسك و پڕووسكی نۆ كه‌س دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ سه‌رده‌می ئاشووری ناوه‌ڕاست ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 18ى ئایار/ مایۆ، گۆران محه‌مه‌د به‌رپرسی به‌شی هه‌ڵكۆڵین له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا راى گه‌یاند، تۆماركردنی قه‌ڵای هه‌ولێر له‌ لیستی شوێنه‌واره‌ جیهانییه‌كان هه‌نگاوێكى گرنگه‌ بۆ شوێنه‌وار و شارى هه‌ولێر.

زیاتر گوتى، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای بیانی پێوه‌ندیمان هه‌یه‌ و گرێبه‌ستمان هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی ده‌دۆزرێنه‌وه‌، موڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ئه‌وان ته‌نیا ده‌توانن توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر بكه‌ن.

به‌رپرسه‌كه‌ى شوێنه‌وار ئاماژه‌ى دا، ته‌نیا له‌ ساڵی ٢٠١٧ له‌ كاتی هه‌ڵكۆڵینی بناغه‌ی باڵه‌خانه‌یه‌كدا، ٩٣ گۆزه‌یان دۆزیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سێ تابووت، هاوكات ئێسك و پڕووسكی ٩ كه‌س دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ سه‌رده‌می ئاشووری ناوه‌ڕاست ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

رێكخراوی ئایكۆم له‌ ساڵی له‌ ١٨/٥/١٩٧٧ ئه‌م رۆژه‌ی وه‌ك رۆژی جیهانی مۆزه‌خانه‌ ده‌ستنیشان كردووه‌.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:05:19:18/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 659 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌