لە سێ رووداوی هاتوچۆ لە دهۆك شەش كەس بوونە قوربانی

:: PM:06:40:18/05/2017 ‌

لە سێ رووداوی هاتوچۆ لە سنووری شارۆكەی بەردەڕەش سەر بە پارێزگای دهۆك، شەش كەس بوونە قوربانی و زیانی زۆری مادیش بەر ئۆتۆمبێلەكانیان دەكەوێت، لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوەشدا دۆنمێك زەوی بە گەنم چێندراو دەسووتێت.

ئازاد تەها بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەڕایەتی گشتیی هاتوچۆی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری شارۆكەی بەردەڕەش رووداوی ناخوشی هاتوچو هەیە بە شێوەیەك رۆژانە لەو سنوورەدا رووداوێك یان دوو رووداوی هاتوچۆ هەیە و چەندان هاووڵاتی دەبنە قوربانی و زیانێكی زۆری مادیش بەر ئۆتۆمبێلەكان دەكەوێت.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ پێنجشەم لە سێ رووداوی هاتوچۆدا سێ كەس بوونە قوربانی و زیانێكی زۆری مادیش بەر ئۆتۆمبێلەكانیان كەوتووە و یەكێك لەو زیانانە گڕگڕتنی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بوو.

تەها ئاماژەی كرد، رووداوی یەكەم وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بوو لە نزیك گوندی گرباویل لە سنووری شارەدیێ روڤیا كە لەكاتی وەرگەڕانیدا ئۆتۆمبێلەكە گڕ دەگرێت و بە تەواوەتی سووتا، بەڵام تیمەكانی بەرگری شارستانی توانیان شوفێری بارهەڵگرەكە رزگار بكەن، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی گڕگڕتنی ئەو ئۆتۆمبێلە بەشێك لە گەنمی جووتیارانیش سووتاوە.

بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەڕایەتی گشتیی هاتوچۆی دهۆك زیاتر گوتی، رووداوی دووەم لە رێگەی گشتی نێوان شارەدیێ روڤیا و شارەدیێ كەلەكچكی لە نزیك پردی حوسەینە بووە كە دوو ئۆتۆمبێل خویان پێكدادا و لە ئەنجامدا دوو كەس برینداربوون و زیانی زۆری مادیش بەر ئۆتۆمبێلەكان كەوت، هاوكات رووداوی سێیەم بە هەمان شێوە و لە هەمان شوێن رووی دا و لە ئەنجامدا سێ كەس بریندار بوون.

لەلایەكی تر فیراس یاسین بەرپرسی بنكەی بەرگری شارستانی ئاكرێ بە "وشە"ی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە پاشماوەكانی نێوماڵانی گوندی پیرچاوەش لە سنووری شارۆكەی بەردەرەش زیاتر لە دۆنمێك زەوی بەگەنمچێندراوی جووتیاران سووتا، بەڵام تیمەكانمان توانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن، ئەگینا تەواوی گەنمی جووتیارانی ناوچەكە دەسووتا كە زیاتر لە 100 دۆنم گەنم و جۆ بوو.

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی دهۆك لە رێككەوتی یەكی كانوونی دووەمی ئەمساڵ تا ئێستە لە سنووری پارێزگای دهۆك، زیاتر لە هەزار كەس بوونەتە قوربانی رووداوەكانی هاتوچۆ، بێجگە لە لەكاركەوتنی سەتان ئۆتۆمبێل.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل