جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە رەنگە ئەم پایزە ریفراندۆم لە كوردستان ئەنجام بدرێت و دیاریكردنی وادەكەش لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمە، دووپاتی دەكاتەوە كە هەنگاوەكان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەردەوامن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی ئایار/ مایۆ، جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێری كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، رەنگە پایزی ئەمساڵ ریفراندۆم بكرێت و دووپاتیشی كردەوە كە دیاریكردنی ڕۆژەكەی تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندایە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان زیاتر گوتی، هەنگاوەكان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستە هیچ كاتێك دیاری نەكراوە و پارتی چاوەڕوانی یەكێتە تا قسەی خۆیان لەسەر نەخشە ڕێگەكەیان بكەن.
ئیمینكی زیاتر گوتی، پارتی بە لۆجیك وەڵامی نەخشەڕێگەكەی یەكێتی داوەتەوە بۆ كاركردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.
لەسەر داوای سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سەرجەم حزبەكان، داوا كراوە بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم نوێنەریان دیاری بكەن، بەڵام تا ئێستە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی نوێنەریان دیاری نەكردووە بۆ ئەم مەبەستە.