4 ملیار و 800 ملیۆن دینار بەسەر بەڵێندەرانی سلێمانی دابەش دەكرێت

:: PM:08:25:18/05/2017 ‌

بڕی چوار ملیار و هەشت سەد ملیۆن دینار وەك بودجەی گەشەپێدانی پارێزگا، ڕەوانەی سلێمانی كراوە و یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستانیش دەڵێت، ئەو پارەیە مانگانە بەردەوام دەدرێت و گۆڕانكاری دروست دەكات، دووپاتیش دەكاتەوە كە حكوومەت زیاتر لە 1 تریلیۆن دیناری بەڵێندەران قەرزدارە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی ئایاری 2017، میران كەمال، گوتەبێژی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لقی سلێمانی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێم بڕیاری دا مانگانە بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكان بدات، مانگی ڕابردوو بڕی 4 ملیارو 800 ملیۆن دینار وەك بودجەی پارێزگای سلێمانی ڕەوانە كرا.
 
ئەوەشی گوت، ئەمڕۆ بڕە پارەیەكی تر وەك بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكان ڕەوانەی سلێمانی كراوە كە ئەویش 4 ملیار و 800 ملیۆن دینارە و بە یەكسانی بەسەر ئەو بەڵێندەرانەی كە گرێبەستیان لەگەڵ پارێزگا هەیە دابەش دەكرێت و بەپێی ئەو قەرزەی كە هەیانە بۆ ئەو پڕۆژانەی كاریان تێدا كردووە.
 
كەمال روونی كردەوە، حكوومەتی هەرێم تەنیا بۆ بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكان زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری بەڵێندەرانی سلێمانی و بۆ هەموو هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 1 تریلیۆن دینار قەرزدارە.
 
گوتەبێژی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لقی سلێمانی زیاتر گوتی، ئەو پارەیە مانگانە ڕەوانەی پارێزگاكان دەكرێت بڕی 12 ملیار دینارە و حكوومەت بەسەر پارێزگاكان دابەشی دەكات و دەتوانێت گۆڕانكاری دروست بكات، چونكە ماوەی سێ ساڵە ئەو پارەیە راگیراوە و ناگاتە ئەو ئاستەی ئیشكردن لە پڕۆژەكان دەست پێ بكاتەوە.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل