لە بەرامبەر لێدوانەكانی سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە هەڕەشەی كردبوو كە ڕێگری دەكات لەوەی پێكهاتەكانی عێراق چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا رووبەڕووی دەوەستێتەوە و داوای لێ دەكات كە داوای لێبوردن لە گەلانی عێراق بكات و جەخت دەكاتەوە كە مافی چارەی خۆنووسین مافێكی دەستووری و یاساییە و كەس ناتوانێت ڕووبەڕووی بوەستێتەوە.
دوێنێ چوارشەم سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی توركمانەكان لە بەغدا رای گەیاند كە ڕازی نابن عێراق بۆ چەند دەوڵەتێك دابەش بكرێت و هەر كەسێك ئەو خواستەی هەیە بە دوای وڵاتێكی تردا بگەڕێ و بیكات بە نیشتمانی خۆی.
ئەشواق جاف پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەیاننامەیەكدا كە بە دەستی "وشە" گەیشتووە، لە وەڵامی جبووری دەڵێ، بە هەموو شێوەیەك زمانی هەڕەشەكردن ڕەت دەكەینەوە، بۆیە پێویستە جبووری داوای لێبوردن لەگەلی عێراق بكات، چونكە لێدوانەكانی دژ بە گەلی عێراقە كە ئەویان گەیاند بە كورسی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام كاتیك گەیشتە سەر كورسییەكە، دەستی كرد بە هەڕەشەكردن و ئەو لێدوانانەشی، بۆ خۆنزیككردنەوەیە لەو وڵاتەی دژ بە ئیرادەی گەلانی عێراق، دەوەستێتەوە.
زیاتر گوتی، خۆنزیككردنەوە لەو وڵاتەی دژ بە خواستەكانی گەلان دەوەستێتەوە، نابێت لەسەر حیسابی دەستوور بێت كە مافی بەو گەلانە داوە چارەنووسی خۆیان بە پێكهێنانی هەرێم دیاری بكەن، بۆیە ئەوانەی دەستوور و مافی گەلان پێشێل دەكەن، لەسەریەتی كە بۆ وڵاتێكی تر بگەڕێت و تیادا نیشتەجێ بێت.
جاف جەختی كردەوە كە ئەم نیشتمانە موڵكی جبووری نییە تا بە ئارەزووی خۆی خەڵكی لێ دەربكات، بەڵكو عێراق نیشتمانی هەموو عێراقییەكانە و وڵاتێكی فرە ڕەنگە و دەستووریش مافی بەهەرێمكردنی بەخشیووە.
ئەو پەرلەمانتارە پرسیاری ئەوە دەكات كە ئاخۆ جبووری بە چێ هەڕەشە دەكات، ئایا چەك بەكار دێنێت یان سوپا بۆ ئەوەی وڵات بەجێبێڵین كە داوای مافی یاسایی و ئیلاهیی خۆمان دەكەین، بۆیە دەبێت بزانێت كە شێوازی هەڕەشەكردن لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا كۆتایی پێ هات و لە عێراقی نوێدا شوێنی نابێتەوە، بەڵكو تەنیا یاسا و دەستوور هەیە.