سۆران.. سێ کلیل لەناو گەدەی کچێک دەرهێنران

:: PM:03:36:26/10/2016 ‌

كچێكی تەمەن 12 ساڵی دانیشتووی شارۆكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوای ئەوەی سێ كلیلی دەرگە قووت دەدات و باری تەندروستیی تێكدەچێت، لە نەخۆشخانەی ئاشتیی گشتی لە سۆران، نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدرێت و كلیلەكان لە گەدەی دەردەهێنرێن.

لەو بارەیەوە كاروان جەمال بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتیی گشتی بە "وشە"ی راگەیاند: "كچێكی تەمەن 12 ساڵی دانیشتووی شارۆكەی سۆران، سێ كلیلی دەرگە لە نێو دەمی خۆی دادەنێت و قووتیان دەدات و كلیلەكان دەچنە خوارەوە بۆ ناو گەدەی و تووشی ئازارێكی زۆر دەبێت، دوای ئەوەی دەهێنرێتە نەخۆشخانەی ئاشتی، لەسەر داواكاری كەسوكاری دەنێردرێتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر، بەڵام لە هەولێر تەنیا وەك چارەسەری سەرەتایی هەندێک حەب و عیلاجی پێ دەدرێت و رەوانەی سۆران دەكرێتەوە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی، هەروەها لەبارەی ئەنجامی رووداوەکەوە دەڵێت: "بە هۆی زیادبوونی ئازاری گەدەی، کەسوکاری دووبارە دەیهێننەوە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران، ئەمجارە لەلایەن دكتۆر فازل یابا پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی بە پەلە نەشتەرگەری بۆ كرا و كلیلەكان لە گەدەی دەرهێنران، ئێستەش باری تەندرووستیی نەخۆشەکە جێگیرە و رەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە". 


جێی ئاماژەیە، لە مانگی ئاب/ئۆگەستی ئەمساڵدا لە حاڵەتێكی دیكەی دەگمەندا، هەر لە نەخۆشخانەی ئاشتیی گشتی لە سۆران، لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە دوو بزمار لە گەدەی ئافرەتێكی بەتەمەن دەرهێنران،  كە گومان دەكرا بە هۆی خواردنی سەموونی یەكێك لە سەموونخانەكانی سۆران بزمارەكانی قووتدابێت. 

سۆران – موڕشید برادۆستی






وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی