ژماره‌ی ئاواره گه‌ڕاوه‌كانی سنووری شاره‌دێی "سه‌عدیه"ی سه‌ر به شارۆكه‌ی خانه‌قین، گه‌یشتووته نزیكه‌ی سێ هه‌زار خێزان، رۆژنامه‌نووسێك ده‌ڵێ: پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره كورده‌كان له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه، بۆ مه‌رامی سیاسی به‌كار دێت. به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێكه و نوێنه‌ری نووسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانیش ده‌ڵێن: مه‌راسیمه‌كه به‌رپرسانی دیاله رێكخی ده‌خه‌ن و حه‌شدی شەعبی وتاری تێدا ده‌گوترێته‌وه.
ئیبراهیم محه‌مه‌د رۆژنامه‌نووسێكی شاری دیاله‌یه به "وشه"ی گوت: له پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره كورده‌كانی گونده‌كانی "مه‌رجانه" و "به‌نی وه‌یس" له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌دا، ته‌نیا به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌رپرسانی یه‌كه كارگێرییه‌كانی دیاله ئاماده‌ییان هه‌بوو، به‌داخه‌وه نه به‌رپرسانی كورد و نه هیچ گوتارێك به زمانی كوردی نه‌خوێنرایه‌وه.
زیاتر گوتی: حه‌شدی شه‌عبی پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانیش ته‌نیا ده‌كاته ده‌ستكه‌وتی خۆی و رۆڵی پێشمه‌رگه و سوپاش ئاماژه پێ ناكات له‌كاتێكدا مه‌راسیم بۆگه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره سازده‌كا.
لای خۆشیه‌وه ،حوسێن یاوه‌ر نوێنه‌ری نووسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی خانه‌قین، بۆ "وشه" پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كرد، ئه‌وان وه‌ك نووسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی خانه‌قین ته‌نیا ناوی ئاواره گه‌ڕاوه‌كان به ده‌زگه ته‌ناهییه‌كان ده‌ده‌ن، ئیتر مه‌راسیمی چۆن رێك بخرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، یان گوتاری كێ هه‌بێ، ئه‌وه نووسینگه‌كه‌ی ئه‌وان لێی به‌رپرس نییه.
جێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، له‌م هه‌فته‌یه‌دا كه دوو هه‌زار و 750 ماڵباتی كوردی گونده‌كانی "به‌نی وه‌یس" و "مه‌رجانه" گه‌ڕانه‌وه بۆ زێدی خۆیان، سه‌ید جاسم یه‌كێك له سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به هێزه‌كانی "به‌در" له حه‌شدی شه‌عبی، له گوتارێكدا بۆ ئاواره‌كان، پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه كرد، هه‌موو ئاواره‌وكان له‌سایه‌ی خوێن و قوربانیدانی چه‌كدارانی حه‌شد ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
هاوكات رێگه‌شیان نه‌دا هیچ گوتارێك پێشكه‌ش بكرێت گه‌ر ڕۆڵی حه‌شدی شه‌عبی تێدا به‌رز نه‌نرخێنرێت.
بۆزانینی هۆكاری به سیاسیكردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ، "وشه" پێوه‌ندی كرد به ئه‌حمه‌د زڕگوشی به‌رێوه‌به‌ری شاره‌دێی سه‌عدیه‌وه، ته‌نیا ئاماژه‌ی دا كه ئه‌وان مه‌راسیمه‌كانی تایبه‌ت به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان رێك ناخه‌ن و له دیاله‌وه رێك ده‌خرێت.
شاره‌دێی سه‌عدیه له رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به شارۆكه‌ی خانه‌قینه‌و له 23 تشرینی دووه‌م/نۆڤه‌مبه‌ری 2014 پاش 100 رۆژ له‌داگیركردنی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه ئازاد كرا، تا ئێسته 2750 ماڵباتی ئاواره‌ی بۆگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و چوار هه‌زار خێزانی ئه‌و شاره‌دێیه هێشتا ئاواره‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ن و هه‌ندێك له نێوخێوه‌تدان.
گه‌رمه‌سێر/ سه‌بری هۆرینی