ئەم كچە لاوە، بە كارەكەی سەرنجی هەمووانی ڕاكێشاوە

:: PM:04:58:19/05/2017 ‌

سەمەر محەممەد نەسیری، كچە قوتابییەكی میسڕییە و دوای تەواوكردنی لێسانس لە زمانیی ئینگلیزیی كۆلێژی ئاداب، ئێستە لە بوارێكی پێچەوانەی بڕوانامەكەیدا كار دەكات و بەو كارەی، سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە.

سەمەری 23 ساڵان، وازی لە كاری مامۆستایەتی و وانەوتنەوە و گەشتەوەری هێناوە، لە پێناو كارێك كە لە منداڵییەوە هۆگر و وابەستەی بووە، ئەویش چاككردنەوەی كامیۆنی گواستنەوەی باری گرانە.

بەو جۆرە دەبێتە یەكەم كەس لە میسڕ، كە ئەو بەشەی خوێندنی تەواو كردبێت و لە بواری چاككردنەوەی كامیۆندا كار بكات.

سەمەر بۆ عەرەبییە نێت، ئاماژەی بەوە كردووە كە پیشەی چاككردنەوەی كارەبایاتی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی باری گران، لە منداڵییەوە ئاواتی ئەو بووە، بە جۆرێك تەمەنی 13 ساڵان بووە، كاتێك بینیویەتی باوكی و دایكی خەریكی هەڵوەشاندنەوەی پێشی كامیۆنەكەیان بوو، دواتر وردەكاری و لێزانینی زیاتری لەمەڕ ئەو كامیۆنەیان دەس خستووە و پێكهاتە و شێوەی بەستن و لێكردنەوەی فێر بووە و خۆی بە كەمتر لەوانە نەزانیوە كە ئەو كارە دەكەن، یان ئۆتۆمبێل دروست دەكەن، پێی وایە عەقڵێكی هەیە لە هیی ئەوانی تر كەمتر نییە.

بۆیە لەوكاتەوە بڕیاری داوە ئەو پیشەیە فێر بێت، چووەتە لای خاوەن وەرشەیەكی پیشەسازی لە شارەكەی، تا كاریان لەگەڵ بكات و مەشقی پێ بدەن لەسەر ئەو كارە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئافرەت بووە، رەتیان كردووەتەوە، بەو پێیەی پێیان وابووە ئەوە كارێكی گران و ئەستەمە و تەنیا پیاوان دەتوانن بەرگەی بگرن.

سەمەر دەڵێ؛ كە ناچار بووە كتێب و نووسراوی تایبەت لەمەر ئۆتۆمبێلی باری گران بكڕێت، تا لێیەوە فێر بێت، هەروەها لە ئینتەرنێتیش بە دوای نهێنییەكانی ئەو كارە و هەرشتێك لەسەری نووسرابێت، گەڕاوە.

پێش ئەوەی زانكۆ تەواو بكات، فێری هونەر و بنەماكانی پیشەی چاككردنەوەی كارەبایی كامیۆن بووە و لە شارەكە ناووبانگی دەكردرووە.
سەمەر دەڵێ؛ وەرشەیەكی تایبەت بە خۆی نییە، بەڵام هەموو داوای شۆفێران كۆ دەكاتەوە و كاتێكیان بۆ جێهێشتنی ئۆتۆمبێلەكانیان لەسەر ڕێگە پێ دەڵێ، دواتر لە چەند خولەكێكدا چاكیان دەكاتەوە.

ئەو دەڵێ، لە یەكێك لە كۆمپانیا گەشتەوەرییە گەورەكان دەكرد، بەڵام داوایان لێی كردووە حیجابەكەی لا ببات، بەڵام ئەو رەتی كردووەتەوە و وازی لەو كارە هێنا.

سەرچاوە/ عەجیب نێت.





وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د