رێژه‌ى بێكارى له‌ناو خاوه‌ن بڕوانامه‌كانى كوردستان هه‌ڵده‌كشێت

:: PM:05:37:19/05/2017 ‌

رووپێوییه‌كانى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى كوردستان، نیشانى ده‌ده‌ن له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا، رێژه‌ى بێكارى له‌ناو كه‌سانى خاوه‌ن بڕوانامه‌ له‌ كوردستاندا به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووه‌، شاره‌زایان و چالاكانى مه‌ده‌نى كه‌ كار له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ ده‌كه‌ن، هۆكه‌ى بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى كار له‌ كه‌رتى حكوومه‌تى و نه‌بوونى زه‌وینه‌ى كار له‌ كه‌رتى تایبه‌ت ده‌گێڕنه‌وه‌.

هیوا عومه‌ر جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى رێكخراوى ئاشتى و ئازادى، به‌"وشه‌"ى راگه‌یاند كه‌ به‌دواداچوونه‌كانیان هه‌ڵكشانى رێژه‌ى بێكارى له‌ناو كه‌سانى خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌رز له‌ كوردستاندا، ده‌سه‌لمێنن.
رێكخراوى ئاشتى و ئازادى به‌ پاڵپشتى فریاگوزارى گه‌لى نه‌رویجى له‌ پڕۆژه‌یه‌كى هاوبه‌شدا چاودێرى ره‌وشى كار و مافه‌كانى كرێكاران له‌ عێراق و كوردستاندا ده‌كات. ئه‌وان له‌ دوایین راپۆرتیاندا دووپاتیان له‌ "هه‌ڵكشانى رێژه‌ى بێكارى بۆ سه‌رووى 20% له‌ عێراق و كوردستان" كردووه‌ته‌وه‌.
عومه‌ر ده‌ڵێ، "هه‌ڵكشانى رێژه‌كانى بێكارى له‌ناو كه‌سانى خاوه‌ن بڕوانامه‌ى په‌یمانگه‌ و زانكۆ، پێوه‌سته‌ به‌ نه‌بوونى پلان و به‌رنامه‌یه‌ك بۆ به‌گه‌ڕخستنى هێزى كار له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات تا دێت رێژه‌ى بێكارى زیاتر به‌رز ببێته‌وه‌".
به‌گوێره‌ى رووپێوى تۆڕى زانیارى عێراق له‌باره‌ى هێزى كار و بێكارى، له‌ ساڵى 2011دا رێژه‌ى بێكارى له‌ناو كه‌سانى خاوه‌ن بڕوانامه‌ى دیپلۆم و به‌كالۆریۆس و سه‌رتر له‌ كوردستاندا 15.5% بووه‌. رووپێوى ده‌سته‌ى ئامارى كوردستان له‌ ساڵى 2012دا ده‌ری خستووه‌، رێژه‌ى بێكارى له‌ناو كه‌سانى هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دیپلۆم 15.9% و بۆ كه‌سانى خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس 16.9% بووه‌. 
رووپێوییه‌كانى ده‌سته‌ى ئامارى كوردستان، نیشانى ده‌ده‌ن كه‌ له‌ ساڵى 2014 به‌دواوه‌ رێژه‌ى بێكارى له‌ناو كه‌سانى خاوه‌ن بڕوانامه‌ى دیپلۆم و به‌كالۆریۆس و سه‌رتر به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووه‌، تا ئاستێك له‌ ساڵى 2014دا، رێژه‌ى بێكارى له‌ناو ئه‌و گرووپه‌دا به‌ 12.41% ده‌ستنیشان كراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵى 2015دا، رێژه‌كه‌ بۆ 20.55% هه‌ڵكشاوه‌، له‌ كاتێكدا بێكارى له‌ناو كه‌سانى خاوه‌ن بڕوانامه‌ى ئاماده‌یى به‌ 24.2% دیاریكراوه‌ و ئه‌وه‌ش به‌رزترین ئاستى بێكارییه‌ له‌ناو گرووپى خاوه‌ن بڕوانامه‌كاندا.
به‌رپرسه‌كه‌ى رێكخراوى ئاشتى و ئازادى، ئه‌وه‌یشی گوت "له‌ دواى 2015ه‌وه‌ رووپێوییه‌ك بۆ هێزى كار و بێكارى له‌ كوردستاندا نه‌كراوه‌ یان رانه‌گه‌یه‌نراوه‌، به‌ڵام هه‌موو ئاماژه‌كان هه‌ڵكشانى زیاتر له‌ رێژه‌ى بێكارى به‌گشتى و بێكارى له‌ناو خاوه‌ن بڕوانامه‌كاندا به‌تایبه‌ت نیشان ده‌ده‌ن".
ئه‌و رێكخراوانه‌ و شاره‌زایانى تر، هۆى هه‌ڵكشانى رێژه‌ى بێكارى له‌ناو كه‌سانى خاوه‌ن بڕوانامه‌دا، بۆ سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌ راگرتنى دامه‌زراندن له‌ كه‌رتى حكوومى ده‌گێڕنه‌وه‌. هه‌روه‌ك داتاكانى هه‌ردوو رێكخراوه‌كه‌ پاڵپشت به‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا، روونى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ نێوان ساڵانى خوێندنى 2012-2013 تا 2014-2015 ته‌نیا له‌ 14 زانكۆى حكوومه‌تى له‌ كوردستاندا 84 هه‌زار و 855 كه‌س خوێندنى زانكۆییان ته‌واو كردووه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌رچووانى زیاتر له‌ 10 زانكۆى ترى تایبه‌ت و چه‌ندان په‌یمانگه‌ى حكوومه‌تى و تایبه‌ت له‌ كوردستاندا.
د. ئازاد عه‌لى پسپۆڕى ئابوورى، بۆ "وشه‌"ى روون كرده‌وه‌، "له‌ 2014ه‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم دامه‌زراندنى له‌ كه‌رتى حكوومه‌تى راگرتووه‌، له‌ كاتێكدا خاوه‌ن بڕوانامه‌ زیاتر خواستیان له‌سه‌ر كاركردن له‌ كه‌رتى حكوومه‌تى هه‌یه‌، نزیكه‌ى 70%ى هێزى كارى حكوومه‌ت له‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس پێك دێت".

زیاتر ده‌ڵێ، "راگرتنى ده‌رفه‌تى كار له‌ كه‌رتى حكوومه‌تى بۆ خاوه‌ن بڕوانامه‌كان، له‌ كاتێكدایه‌ كه‌رتى تایبه‌ت له‌ كوردستاندا پاشه‌كشه‌ى ته‌واوى كردووه‌ و چیتر ده‌رفه‌تى كار دابین ناكات، یان ناتوانێت ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ هێزى كار به‌گه‌ڕ بخات كه‌ له‌ كوردستان دروست ده‌بێت، ئه‌وه‌ش به‌دڵنیایییه‌وه‌ رێژه‌ى بێكارى له‌ناو خاوه‌ن بڕوانامه‌كان زیاتر ده‌كات".
"ده‌بێت حكوومه‌ت پلانێكى روونى بۆ به‌گه‌ڕخستنى هێزى كار له‌ كوردستاندا هه‌بێت، به‌تایبه‌ت زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پێوه‌ندییه‌كى به‌هێز له‌گه‌ڵ بازاڕى كار دروست بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و پسپۆڕییانه‌ى دروستیان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تى كاریان له‌ بازاڕى كارى كوردستاندا نه‌بێت، بێكار ده‌مێننه‌وه‌" پسپۆڕه‌ ئابوورییه‌كه‌ وای گوت.


وشە - ڕێبین فه‌تاح