پیاوێکی سعوودی بە تۆمەتی گازلێگرتنی ژنەکەی گیرا و جەڵدی لێ درا

:: PM:03:39:26/10/2016 ‌

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی وەتەن، ئەمڕۆ چوارشەم 26ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم دادگەی سزادانی ریازی پایتەختی سعوودیە، بڕیاری سێ رۆژ گرتن و لێدانی 30 جەڵدی بەسەر پیاوێکدا سەپاند، بە تۆمەتی لێدان، ئەشکەنجەدان و گازلێگرتنی هاوسەرەکەی.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەوە یەکەمجارە لە سعوودیە سزا بەسەر تۆمەتبارێکی لەو شێوەیەدا بسەپێنرێت، بڕیارەکەش بە گوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی دادوەری بۆ رۆژنامەکە، دوای ئەوە هاتووە کە ژنەکە راپۆرتی پزیشکیی نیشانی دادگە داوە، کە راپۆرتەکە لەلایەن نەخۆشخانەیەکی میریی وڵاتەکەوە پشتڕاست کراوەتەوە، کە ئەو ئەشکەنجە و گازلێگرتنەی تێدا سەلمێنراوە.

بە گوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکە، ئەو ژنە بە هۆی ئەو گازلێگرتنەکەوە تووشی برینێکی قووڵ بووە لە شانی چەپی، بە شێوەیەک کە برینەکە بووەتە هۆی لێڕۆیشتنی خوێنێکی زۆر لە ژنەکە.

سەرچاوە: سکای نیوز


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی