راهێنەری مەلەگە دڵنیایی دەداتە بەرشەلۆنە.. لە ریال مەدرید دەبەنەوە
میشێلی راهێنەری یانەی مەلەگە ماوەی چەند رۆژێكە بووەتە مانشێنی سەرەكی رۆژنامە وەرزشییەكان و پێیانوایە تەنیا ئەو دەتوانێ ناسناوی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە چنگی یانەی ریال مەدرید دەربێنێ و پێشكەشی یانەی بەرشەلۆنەی بكات.
سبەی یەكشەم یانەی مەلەگە لە دوا یاریی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا لە گەڕی 38 مێوانداری یانەی ریال مەدرید دەكات.
یانەی ریال مەدرید لەو یارییەدا پێویستی بە تەنیا خاڵێكە بۆ ئەوەی بەفەرمی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا كە لە ساڵی 2012وە لەو ناسناوە بێ بەشە.
لویس ئێنریكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە پێشتر رایگەیاندبوو كە ترسیان لە میشێل هەیە لەو یارییەدا ئاسانكاری بۆ یانەی ریال مەدرید بكات تا ببێتە پاڵەوانی خولی ئیسپانیا، بەتایبەت كە ئەو راهێنەرە پێشتر یاریزانی یانەی شاهانە بووە.
راهێنەری یانەی مەلەگە پێشتر لەچەند چاوپێكەوتنێكدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەت كردبووەوە كە وەك یانەكەیان ئاسانكاری بۆ یانەی ریال مەدرید بكەن، دوێنێ هەینیش لە لەسەر وارگەی خۆی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دووبارە هیوای بە یانەی بەرشەلۆنە دابووەوە.
میشێل لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) لە كۆمێنتێكدا نووسیبووی "لێمان گەڕێن با كارەكانی خۆمان بكەین"، لای خۆیەوە رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كردبوو كە مەبەستی ئەو راهێنەرە ئەوە بووە كە لەگەڵ یاریزانانی یانەكەی هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی سەركەوتن بەسەر یانەی ریال مەدرید بەدەست بێنن.
هەر لە رۆژی یەكشەمی داهاتوودا یانەی بەرشەلۆنە لە دوایین یاریی خۆی لە گەڕی 38 لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداریی یانەی ئیبار دەكات، ئەگەر یانەكە لەو یارییەدا سەركەوتن بەدەست بێنێ و ریال مەدریدیش بەرامبەر مەلەگە بدۆڕێ، ئەوا بەكۆكردنەوەی 90 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ بەفەرمی دەبێتە پاڵەوانی خولەكە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم