خاتوونه شاعیر "كه‌ژاڵ ئیبراهیم" له ماڵباتێكی ڕۆشنبیر و خوێنده‌وار ساڵى 1968 له شارۆكه‌ى قه‌ڵادزێ له دایك بووه، ئێسته له سلێمانى نیشته‌جێیه و خاوه‌نى 23 دیوانى چاپكراوى شیعرییه و زیاتر له 135 شیعرى بۆ سه‌ر چه‌ندان زمانى تر هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان. كه‌ژاڵ له‌م دیداره‌ی "وشه"دا نهێنییه‌كی ژیانی ئاشكرا ده‌كات كه به‌هۆی داونه‌ریتی ناوچه‌كه‌یان تا هاوسه‌رگیری كردووه به "ناوێكی تر" شیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه.
وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك كه‌ژاڵ ئیبراهیم كێیه؟
كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر له قه‌ڵادزێ له دایك بووم، شارێك هه‌موو جوانییه‌كانى مرۆڤایه‌تى له‌خۆ گرتووه، شارێك بێ ئه‌ندازه و پڕه له سه‌روه‌رى و خه‌بات و تێكۆشان، ئه‌و شاره‌ى ساڵى 1968 چاوم تێیدا هه‌ڵهێنا و چرۆى شیعره‌كانمى گه‌شانده‌وه، دواى ئه‌و هه‌موو جوانى و بیره‌وه‌رییانه‌ى هه‌م بوون، به‌داخه‌وه به چاوێكى پڕ له فرمێسكه‌وه به‌جێم هێشت و ئێسته له سلێمانى نیشته‌جێم.
له خوێندن به چ قۆناغێك گه‌یشتووی؟
له خوێندندا توانیم ئاماده‌یی له شاره‌كه‌م ته‌واو بكه‌م، هه‌میشه حه‌زم ده‌كرد له خوێندن زیاتر بچمه پێشه‌وه تا بتوانم زیاتر خزمه‌تى گه‌له‌كه‌م بكه‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆى ڕاگواستنى شاره‌كه‌مان بۆ شارۆكه‌ى خه‌بات نه‌متوانى درێژه به خوێندن بده‌م.
ماوه‌ى چه‌ند ساڵه ده‌نووسیت؟
ساڵى 1987 یه‌كه‌م وێستگه‌ى ده‌ست پێكردنى نووسینم بوو، سه‌ره‌تا به شیعر و چیڕۆكى منداڵان ده‌ستم پێ كرد، توانیم نامیلكه‌یه‌ك به ناوى "نامرێ و چله نێرگزێك" بڵاو بكه‌مه‌وه، دواتر په‌ره‌م به‌م ڕێچكه‌یه‌دا و تا ئێسته به‌رده‌وامم، ئه‌ویش شیعر بووه كه له ساڵى 1998 توانیم په‌ره به‌خۆم بده‌م و هه‌نگاوێكى گه‌وره بهاوێژم و ده‌نگى ژن بخه‌مه ناوه‌ندى ئه‌ده‌بى كوردییه‌وه.
خاوه‌نى چه‌ند دیوانى شیعریت؟
خاوه‌نى 23 دیوانى چاپكراوى شیعریم، دیوانه شیعرییه‌كانم به زمانى كوردى، عه‌ره‌بى، فارسى بڵاو كردوونه‌ته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆى به‌شێك له‌و ئه‌دیبه كوردانه‌ى شاره‌زایییان له وه‌رگێڕان هه‌بووه، زیاتر له 135 شیعرى منیان كردووه به عه‌ره‌بى و فارسى و ئینگلیزى و ئه‌ڵمانى و ڕووسى و ئیسپانى و لاتینى، ئه‌وه بۆ من ئاشنایه‌تییه‌كى باشى په‌یدا كرد، به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ شاعیرانى عه‌ره‌ب، چونكه شیعره وه‌رگێڕاوه‌كانم له زۆربه‌ى ڕۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان بڵاو كرانه‌وه.
هه‌ر دیوانێكى شیعریم به زمانى كوردى زیاتر له هه‌زار و 200 لاپه‌ڕه له خۆ ده‌گرێت، ئه‌و شیعرانه‌ش بۆ سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان نزیكه‌ى سێ هه‌زار لاپه‌ڕه‌ن، زۆریان لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نووسراوه، فارسییه‌كه‌یشم ڕه‌نگه بگاته 500 لاپه‌ڕه.
هیچ به‌رهه‌مێكى تر‌ى شیعریت به‌ده‌سته‌وه‌یه؟
به نیازم هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ى له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانم نووسراون كۆ بكه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى خوێنه‌رى كورد ئاشنا بێت به لێكۆڵینه‌وه و ئه‌و ڕه‌خنانه‌ى له‌سه‌ر شیعره‌كانم هه‌ن، به تایبه‌تى برا عه‌ره‌به‌كان و لێكۆڵه‌ر و ڕه‌خنه‌گره‌كانیان كه له‌سه‌ریان نووسیوم، جگه له ئه‌دیبه كورده‌كانیش كه ئه‌وانیش كارى باشیان له‌سه‌ر شیعره‌كانم كردووه.
مه‌به‌ستت چییه له شیعر هۆنینه‌وه‌دا؟
له شیعره‌كانم زیاتر خه‌مى كچ و كوڕه خێر نه‌دیوه‌كان ده‌نه‌خشێنم، ئه‌وانه‌ى زیاتر عه‌شق سووتاندوونى و له‌مپه‌ر هه‌یه بۆ به‌یه‌ك گه‌یشتنیان، وه‌ك خۆم له ڕێى شیعره‌وه خۆشه‌ویستیم كردووه و ژیانى هاوسه‌ریم پێكه‌وه ناوه، جگه له‌وه‌ش ئه‌و شیعرانه‌ى ئێسته ده‌ینووسم زیاتر خه‌مى ناوه‌وه‌ى خۆمه كه ده‌ری ده‌بڕم، ئه‌ویش به‌هۆى بینینى ئه‌و هه‌موو ئازار و ناخۆشییانه‌ى ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووى ئێمه ده‌بنه‌وه، به‌ڵام پێشتر له دیوانه‌كانمدا زیاتر باسى خه‌مى گه‌له‌كه‌م كردووه، وه‌ك "ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه، قه‌ڵادزێ، پێشمه‌رگه" زۆر شیعرم له‌باره‌یانه‌وه نووسیوه.
میدیا عه‌ره‌بییه‌كان گرنگى زۆر به تۆ و شیعره‌كانت ده‌ده‌ن، هۆی ئه‌مه چییه؟
پێوه‌ندییه‌كى توندوتۆڵم له‌گه‌ڵ شاعیران و ئه‌دیبانى عه‌ره‌ب هه‌یه و زیاتر له 90 نووسینیان له‌سه‌ر نووسیوم، چه‌ندان شیعرم بۆ سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى وه‌رگێڕاون، شیعره‌كانم له زیاتر له 200 ده‌زگای میدیاى عه‌ره‌بى وه‌ك ڕۆژنامه و گۆڤار و سایتى ئه‌لیكترۆنى بڵاو كراونه‌ته‌وه، جگه له ئه‌نجامدانى چه‌ندان چاوپێكه‌وتن و وه‌رگرتنى چه‌ندان خه‌ڵات، هاوكات له میسر به‌شدارى پێشبڕكێیه‌كى شیعریم كرد كه زیاتر له نۆ هه‌زار و 650 شاعیر له هه‌موو وڵاتانى عه‌ره‌بى به‌شدارییان تێدا كردبوو، تیایدا نزیكه‌ى 300 شاعیر مانه‌وه و بۆ ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته‌ى خایاند، من له‌و پێشبڕكێیه‌دا خه‌ڵاتى شه‌شه‌مم به‌ده‌ست هێنا.
له ده‌ستپێكى نووسینه‌كانته‌وه تا ئێسته ڕووبه‌ڕووى هیچ ڕێگرییه‌ك بوویته‌وه؟
جاران زۆر زۆر، چونكه ناوچه‌كه‌ى ئێمه سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ى هه‌یبوو، به‌ڵام داونه‌ریت هه‌ر زاڵ بووه، به تایبه‌تى بۆ ئێمه‌ى ژن، بۆیه یه‌كه‌م جار به‌ناوى "شه‌ونم محه‌مه‌د قادر" شیعره‌كانم بڵاو كرده‌وه، دواتر كه ژیانى هاوسه‌ریم پێكه‌وه نا، ئازاد بووم و ئێسته شیعره‌كان هه‌ر هه‌مووى به‌ناوى خۆمه‌وه بڵاو ده‌كه‌مه‌وه.
محه‌مه‌د جه‌مال