گومان لەسەر شوێن و رێككەوتی گیان لەدەستدانی نەوشیروان مستەفا هەیە

:: PM:12:23:20/05/2017 ‌

هەبوونی باركۆدێك لەسەر ئەو دارەبازەی بۆ گواستنەوەی تەرمی نەوشیروان مستەفا ئەمین رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەكارهات، گومان لەسەر كات و شوێنی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دروست دەكات.

سەعات 10ی بەیانی ئەمڕۆ شەموو 20ی ئایاری 2017 تەرمی نەوشیروان مستەفا ئەمین رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە رێوڕەسمێكی جەماوەری بەرفرەوان و بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك لە بەرپرسانی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان لە گردی زەرگەتە بەخاك سپێردرا.

شۆڕش حاجی گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، دوێنێ‌ هەینی 19ی ئایار، كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی راگەیاند. بەگوێرەی راگەیەنراوەكەی گۆڕان لە زاری گوتەبێژەكەیانەوە، نەوشیروان مستەفا لە سەعات 8:00ی بەیانی دوێنێ‌ هەینی لەناو ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی گیانی لە دەست داوە.

هەرئەوكات گوتەبێژی گۆڕان ئاماژەیدا، كە ئەمڕۆ شەموو 20ی ئایار تەرمی نەوشیروان مستەفا ئەمین لە گردی زەرگەتە دەنێژرێت.

دوێنێ‌ هەینی تەرمی نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ماڵەكەی خۆیەوە بۆ نەخۆشخانەی فارووق گواسترایەوە و ئەمڕۆش لە نەخۆشخانەكەوە بۆ گردی زەرگەتە بردرا، هەبوونی باركۆدێك لەسەر ئەو دارەبازەی كە تەرمی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی هەڵگرت بوو، گومانی ئەوەی دروست كردووە كە نەوشیروان مستەفا ئەمین لە لەندەن كۆچی دوایی كرد بێت نەك لە شاری سلێمانی.

ژمارەیەك لە بەشداربووانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە باركۆدی سەر دارەبازەكان تەنیا لەكاتێكدا بەكاردێت كە تەرمی كۆچكردوویەك لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر یان لە شوێنێكی دوورەوە بۆ شوێنێكی تر بگوازرێتەوە، ئەو باركۆدانە زیاتر بۆ گواستنەوەی تەرم لە رێگەی فڕۆكەوە بەكاردەهێنرێن.

نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ساڵی 1944 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە. هەرزوو پێوەندی بە شۆڕشەوە كردووە و لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا رۆڵی كارای هەبووە. نەوشیروان مستەقا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، لە ساڵی 2009 پاش جیابوونەوەی لە یەكێتی نیشتمانی، لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێكانی، بڕیاریان لە دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان دا و لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان 25 كورسیان مسۆگەر كرد.







وشە - تایبه‌ت