یەكەم كەناڵی تەلەڤزیۆنی ژنان لە ئەفغانستان دەكرێتەوە

:: PM:01:44:20/05/2017 ‌

بڕیارە سبەی یەكشەم یەكەم كەناڵی تایبەت بەئافرەتان لە وڵاتی ئەفغانستان دەست بەپەخشی خۆی بكات، لەكاتێكدا هێشتا لەو وڵاتە پیاوان تەواوی دەزگە ڕاگەیاندنەكانیان بەدەستەوەیە.

كەناڵی (زان.تی ڤی) یاخود (تەلەڤزیۆنی ژنان) ئەو كەناڵەیە كە سبەی یەكشەم بەستافێكی تەواو ژنانە لە بێژەر و مۆنتێر و بەرهەمهێنەر دەست بەپەخشی خۆی دەكا، هاوكات كەناڵەكە پشتی تەواو بەكۆمەڵێك كچی گەنج دەبەستێ كە هەموویان قوتابین.

لە بەشێك لە كەناڵە ئەفغانییەكان بێژەری ئافرەت دەردەكەوێت، بەڵام تەواوی كەناڵێك هەمووی ئافرەت بێت ئەمە یەكەم جارە.

خاترە محەمەدی یەكێك لە بەرهەمهێنەرەكانی كەناڵەكە دەڵێت، ئێمە دڵخۆشین بە دروستكردنی ئەم كەناڵە، چونكە هێشتا ئافرەتان لەكۆمەڵگەی ئێمە ئاگەداری مافەكانیان نین، دواتریش ئەم كەناڵە نوێنەرایەتی ئافرەتان دەكات و ئێمەش كار بۆ ئەوە دەكەین ئەوان دەنگی خۆیان بەرز بكەنەوە و بەرگری لە مافەكانیان بكەن.

تا ئێستەش وڵاتی ئەفغانستان یەكێكە لە قورسترین ئەو وڵاتانەی دنیا بۆ كاركردنی ئافرەت لە بواری ڕاگەیاندندا، لەو وڵاتە هەژارە كە جەنگ ماندووی كردووە نزیكەی 40 كەناڵی تەلەڤزیۆنی هەیە.

لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبانیشەوە لە ساڵی 2001، ئەمە بە یەكەم دەستكەوتی ڕژد دادەنرێت بۆ ئافرەتان لەو وڵاتە.



وشە - سیروان