گۆڕانخوازان بەرپرسانی باڵایان بێهیوا كرد

:: PM:02:02:20/05/2017 ‌

بەیانی ئەمڕۆ شەموو لە ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، حزب و كەسایەتی و سیاسییەكان وتاریان پێشكەش كرد و جەماوەری گۆڕانیش كە ئامادەی ڕێوڕەسمەكە بوون، لەكاتی قسەكردنی حاكم قادر حەمەجان و سەڵاحەدین بەهائەدین هۆیهایان كرد و سوكایەتییان بەو دوو سیاسییە دەكرد.

بەگوێرەی تۆماری ئەو كەناڵانەی ڕاستەوخۆ ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی نەوشیروان مستەفایان دەگواستەوە، لەو كاتەی حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەناوی حزبەكەی وتاری پێشكەش دەكرد و دواتریش سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی لە كاتی وتارەكەیدا، لەلایەن گۆڕانخوازانەوە هۆیها و سووكایەتییان پێ كرا و سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین بەو هۆیەوە تووڕە بووە و شوێنەكەی جێ هێشتووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" هەریەك لە كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی سەرەڕای چوونیان بۆ لای گردی زەرگەتە بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێگرییان لێ كراوە لەلایەن جەماوەری گۆڕان تا بگەنە شوێنی بەخاكسپاردنەكەی، بۆیە گردی زەرگەتەیان جێ هێشتووە و گەڕاونەتەوە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د