سەرچاوەیەكی تەناهیی ئاشكرای كرد، ڕێكخراوی داعش بە تۆمەتی هەڵاتنیان لە بەرەكانی جەنگ، 17 سەركردەی خۆی گولـلەباران كردووە، هاوكات گۆڕێكی بەكۆمەڵیش دۆزرایەوە كە ژمارەیەك هاووڵاتیی تێدایە.
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی عێراق (نینا) ئەمڕۆ یەكشەم لە زاری سەرچاوەیەكی تەناهییەوە ڕای گەیاند: ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش سزای لەسێدارەدانی بەسەر 17 سەركردەی خۆیدا جێبەجێ كردووە كە زۆربەیان ڕەگەزنامەی بیانییان هەیە بەتۆمەتی هەڵاتنیان لەو گەڕەكانەی بەری ڕاستی مووسڵ كە لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆری عێراقییەوە كۆنترۆڵ كراون.
سەرچاوەكە ڕوونی كردووەتەوە، داعش ئەو سەركردانەی لە شارۆكەی بەعاج گولـلەباران كردووە و ئێستە تەرمەكانیان لە ناوەڕاستی شارەكەدایە.
لەلایەكی ترەوە هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ناوچەی ڕەفاعی بەری ڕاستی مووسڵ، گۆڕێكی بەكۆمەڵیان دۆزیوەتەوە كە تەرمی 20 هاووڵاتیی سڤیلی تێدایە و ئێستە تەرمەكان رادەستی پزیشكی دادوەری كراون.
هاوكات لە 24ی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ، توانرا تەواوی بەری چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوبات/فێبرایەریش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامی هەیە و چەندان گەڕەك كۆنترۆڵ كراونەتەوە و چەند گەڕەكێك و ناوەندی مووسڵی كۆن بەدەستی داعشەوە ماون.