مەولوود چاوەشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند كە لەگەڵ دەست پێ كردنی هێرش بۆ ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر كە زۆرینەیەكی شیعەی توركمان تیایدا دەژی، وڵاتەكەی دەست بە وەرگرتنی رێوشوێنەكانی دەكات.
چاوەیش ئۆغلو ئەمڕۆ چوارشەم دووپاتی كردەوە كە ئەنقەرە كردە سەربازییەكانی لەناو خاكی سووریا ناوەستێنێ تا كۆنترۆلكردنی تەواوی شاری باب.
وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی كردەوە كە توركیا رێوشوێنەكانی خۆی لە چوارچێوەی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ وەردەگرێت، ئەگەر هێرش بۆسەر شارۆكەی تەلەعفەر دەستی پێ كرد.
هێزەكانی حەشدی شەعبی بەم دواییە رایان گەیاند كە ئەوان پاڵپشتی لە پێشوەچوونەكانی سوپای عێراق دەكەن، بەتایبەتی لە پێشڕەوییەكان بەرەو شارۆكەی تەلەعفەر /55 كیلۆمەتر رۆژئاوای مووسڵ/.
دوێنێ وەزیری دەرەوەی توركیا هەڕەشەی كرد كە وڵاتەكەی دوودڵی ناكات لە ئەنجامدانی كردەوەگەلی سەربازی لە ناو خاكی عێراق ئەگەر كەوتە بەر هەڕەشەی راستەوخۆی تیرۆر، وەك ئاماژەیەك بۆ كردەیەكی سەربازی زەوینی لەناو خاكی عێراق.
چاوەیش ئۆغلو رای گەیاند كە لە كاتی دروستبوونی هەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆسەر توركیا، ئەو كات هەموو توانایەكمان بەكار دێنین بۆ بەرپەرچدانەوەی لەوانەش دەست پێ كردنی كردەیەكی سەربازی زەوینی.
بەر لە دەست پێكردنی جەنگی مووسڵ و ئێستەش ئاڵۆزی و شەڕە قسەی بەرپرسانی عێراق و توركیا بەردەوامی هەیە، توركیا هەوڵ دەدات كە بەشداری لە جەنگەكە بكات بەپاساوی پاراستنی ناوچەكە لە هەر گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی بەتایبەتی لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە، كەچی حكوومەتی عێراق بەشداریكردنی رەت دەكاتەوە.
سەرچاوە: شەفەق نیوز