مەڕداران دەبێ پارەی فڕێدانی خورییەکانیشیان بدەن

:: PM:05:29:20/05/2017 ‌


لە سنوری شارۆكەی ئاكرێ‌ وەرزی بڕینەوەی مەڕ و ماڵات دەستی پێ‌ كرد، بەڵام ئەوەی بۆتە جێگای نیگەرانی مەڕداران،نەبوونی کارگەیە بۆ وەبەرهێنانی ئەو خوریانە و بڕیاریان داوە خورییەکانیان فڕێ بدەن و پارەی فرێدانەکەشیان هاتووەتە سەر.

حەسەن باكرمانی هاوڵاتییەكی سنووری شارۆكەی ئاكرێ‌یە و وەک بۆ "وشە" روونی دەکاتەوە، دەستمان بە بڕینەوەی مەر و ماڵات كردوە و سوپاس بو خوا ئەم ساڵ بەهۆی باشتر بوونی كەش و هەوا خورییەكی باشمان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بازاڕ بریارمانداوە سەرجەم خوریەكەمان فڕێ بدەین و لە كوڵ خومانی بكەینەوە، ئەوەی لە لەدەستدانی خورییەکە ناخۆشترە، دەبێت پارەی فڕێدانی خوریەكەش بدەین، چونكە ئێستە شارەوانی بڕیاری داوە بە پارە پاشماوەکانمان بۆ فڕێ بدات.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێستە 400 سەر مەڕ و كاوڕم هەیە و هەر سەرێك لەو مەر و كاورانە نێزیكەی پێنج كیلو خوری هەیە، واتە تەنیا خۆم ئەم ساڵ دوو هەزار كیلۆ خوریم بەرهەم هێناوە، ساڵانی رابردوو خورییەكەمان دەنێڕدرا بۆ پارێزگای موسل، چونكە لەوێ‌ كارگەی رستن و چنین هەبوو، بەڵام دوای داگیركردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە هەموو سالێك خوریەكەمان فڕێ دەدەین، ئێستە كە بەشێكی زۆری موسڵ كونتروڵ كراوەتەوە هەر ناتووانین خوری بۆ موسڵ ببەین چونكە بەپێێ‌ زانیارییەكان كارگەی رستن و چونین خاپووركراوە، لەبەر ئەوە داوا لە حكومەت و لایەنی پێوەندیدار دەكەین کار بۆ ئەوە بکەن کارگەی رستن و چنین لە کوردستان دروست بکرێت.

ئەحمەد جەمیل ئەبو زێد بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ‌ بە "وشە"ی راگەیاند، شارۆكەی ئاكرێ‌ لە رووی بەخێوكردنی مەر و ماڵات و مانگا بە دەوڵەمەندترین ناوچەی پارێزگای دهۆك دادەنرێت، نێزیكەی 30 هەزار سەر مەڕ و 20 هەزار سەر بزن و مانگا لە سنووری شارۆكەی ئاكرێ‌ بەخێو دەکرێن.

"بێ‌ بازاری و نەبوونی كارگە هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی مەرداران زیانێكی زۆریان بەر بكەوێت، جگە لە بێ‌ بازاڕی بۆ بەرهەمی خوری، هاوكات بازار بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی تریش نیە وەكو بەرهەمەكانی شیر و ماست و پەنیر و سەرجەم بەروبوومە ئاژەڵییەکان" ئەحمەد جەمیل وای گوت.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە حكومیە ئەوان چەند جارێك هەوڵیان داوە بۆ درۆستكردنی كارگەیەكی رستن و چنین و كارگەی وەرگرتنی بەرهەمەكانی شیرەمەنی لە ناوچەكە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی هەموو هەوڵەكانیان بەفیڕۆ رۆیشتووە.

زورترین ژمارەی مەر و ماڵات لەئاکرێ، لە دوڵی زێبار و دەوروبەری شارەدیێ‌ گردەسێن و سنووری شارەدیێ‌ بجێل بەخێو دەکرێن.

ئاكرێ‌ / نەوزاد هلۆری









وشە - هیدایه‌ت جان