پلانێكی ستراتیجی بۆ بووژانەوە و پاراستنی شاری شوێنەواریی نەمروود /30 كم لە باشووری مووسل/ لە پەیمانگەی عێراق بۆ پاراستنی شوێنەوار بە هاوكاری دەزگەی "سمیت سونیان" و باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و دەستەی شوێنەواری عێراق و پەیمانگای عێراق بۆ پاراستنی شوێنەوار دادەنرێت، كە پێویستی بە كات و سەرمایەیەكی یەكجار زۆرە.
دكتۆر عەبدوڵا خورشید بەڕێوەبەری پەیمانگەی عێراق بۆ پاراستنی شوێنەوار لە لێدوانیكی تایبەت بە "وشە" باس لەو پلانە ستراتیجییە دەكات و دەڵێت، دوای رزگاركردنی ناوچەی شوێنەواری نەمروود لە داعش، حكوومەتی ئەمەریكا وەك باڵوێزخانە و دەزگای "سمیت سونیان"، زۆر پەرۆشی ئەوە بوون كە ئەو سایتە وەربگرن و ئیشی لە سەر بكەن.
زیاتر گوتی، بۆیە لە مانگی دووی ئەمساڵ ریچارد ورینگ جێگێری سەرۆكی دەزگەی "سمیت سونیان" سەردانی هەولێری كرد و بە ئامادەبوونی نوێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و سەرۆكی دەستەی شوێنەوار لە عێراق و نوێنەری رێكخراوی "یونسكو" و ستافی پەیمانگای عێراق كۆبوونەوەیكمان كرد و بەیەكەوە بڕیارمان دا كە چی بۆ پاراستنی ئەم شارە بكرێت.
زیاتر گوتی، حكوومەتی ئەمەریكا بڕیاری داوە بە تەرخانكردنی 400 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی بۆ رزگاركردنی ناوچەی نەمروود، هەروەها "یونسكۆ"ش ئەركی ئەوەی خستە ئەستۆی خۆی كە ئەو ناوچەیە بە دووری 8 كم پەرژین بكات، هەروەها دەزگەی "سمیت سونیان" ئەركی پاراستنی شوێنەكە وەك دانانی پاسەوانی شوێنەواری و دروستكردنەوەی هۆڵێك بۆ كۆكردنەوەی پارچە شوێنەوارییە دۆزراوەكان كە لە ئەنجامی تەقینەوە پەرش و بڵاو بوونەتەوە، كە هەمووی كۆ بكریتەوە و دۆكیۆمێنت بكرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كاتێك شوێنەكە نۆژەن دەكرێتەوە، سوود لەو پارچە شوێنەواریانە وەربگرێتەوە.
شاری شوێنەواری و دێرینی نەمروود كە لە هەندێك سەرچاوە بە( كالخو) ناسراوە، لە ساڵی1820 دۆزراوەتە و یەكێكە لە ناودارترین شوێنەوارەكانی عێراق كە مێژووەكەی بۆ سەتەی 13ی پێش زایین دەگەڕێتەوە و وەك پایتەختی ئیمپراتۆڕیەتی ئاشووری لە سەردەمی شا ئاشوور ناسر بالی دووەم بە كار هاتووە، پاش هێرشی داعش بۆ سەر شاری مووسڵ بەشی زۆری تەقێندرایەوە دوای تەقاندنەوەشی بە شۆفل تەخت كرا.
سارە سەردار