یەكگرتوو لەسەر سووكایەتی بە ئەمیندار دژی گۆڕان هاتە دەنگ

:: AM:10:45:21/05/2017 ‌

دوای ئەوەی دوێنێ شەموو لەكاتی وتاری سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین لە ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، جەماوەری گۆڕان هۆی ها و هوتافیان دژی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو گوتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دژی گۆڕانخوازان هاتە دەنگ.

ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، ئەوەی هەندێ لە گەنجانی گۆڕان بەرامبەر بە سەڵاحەدین بەهائەدین هوها و هوتافیان كێشا، پێچەوانەی بەهاكانی كوردەواری بوو كە دەبێ لە ماڵی خۆت و لە پرسی خۆت ڕێزی میوانەكانت و تەنانەت نەیارەكانیشت بگریت.

هەروەها نووسیویەتی، ئەمە دژی پرەنسیپەكانی كاری سیاسیی هێزێك بوو لە ڕابردوو لەگەڵت ئۆپۆزسیۆن بێ و لە پاكێجەكان هاوكات و لە سەراكانی ئازادی پشتیوانت بێ، بۆ داهاتووش دنیایەك كارت بە یەكتر مابێ، ناكرێ ئاوا هەرزە و سەرپێیانە مامەڵە بكەیت.

لە بەشێكی تری نووسینەكەی هاتووە، ئەوەی بەرامبەر بە مامۆستا سەڵاحەدین كرا، سووكایەتی بوو بەرامبەر بە دەیان هەزار ڕێكخستن و 186 هەزار دەنگی كوردستانیان، بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە، دەبێ هەندێك هەڵسووڕاو و كادری گۆڕان واز لەو خووە خراپە بێنن و گەنجان هەڵبنێن بۆ ڕق بەخشینەوە و سووكایەتی بە بەرامبەرەكان.

ڕۆژی هەینی 19 ئایار/مایۆ، شۆڕش حاجی گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان گیان لە دەستدانی نەوشیروان مستەفای ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی ڕاگەیاند و دوێنێ شەمووش لە ڕێوڕەسمێكدا تەرمەكەی لە گردی زەرگەتە بەخاك سپێردرا، لەكاتی وتاری لایەنەكانیش جەماوەری گۆڕان دەستیان بە هۆی ها و سووكایەتیی كرد بە سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری یەكگرتوو و حاكم قادر حەمەجان ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د