هەڵمەتی نەهێشتنی زیادەڕۆیییەكانی سەر كارەبا دەست پێ دەكات

:: PM:12:10:21/05/2017 ‌

بڕیارە سبەی هەڵمەتێك بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆیی سەر كارەبای هەولێر دەست پێ بكات و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێریش رای دەگەیەنێت، بەیانی دوای بەستنی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هەڵمەتەكە دەست پێ دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی ئایار/مایۆ، هەمزە حامید بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" رای گەیاند، سبەی هەڵمەتێك بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆیی سەر كارەبا لە هەولێر دەست پێ دەكات و لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئامانجی ئەو هەڵمەتە دەخرێتە روو.

سەرەتای مانگی نیسان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای هەولێر ناوی كۆمەڵێك گەڕەكی نوێی هەولێری بڵاو كردەوە كە تیایدا هاوبەشەكان كارەبایان بە نایاسایی راكێشاوە و ئەوەیش وای كردووە پاڵەپەستۆیەكی زۆر لەسەر دابەشكردنی كارەبا دروست ببێت.

هەمزە حامید قایمقامی هەولێر بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە، ئەو هەڵمەتە بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆیییەكانی سەر كارەبایە لە هەولێر بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی كارەبا بتوانێت لە وەرزی گەرمادا كارەبای زیاتر بدات بە هاووڵاتییان و ئەو پاڵەپەستۆیەی بەهۆی راكێشانی كارەبای نایاسایی لە ماڵان دروست بووە، كەم بكرێتەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، سبەی لە كۆنفرانسێكدا وردەكارییەكانی ئەو هەڵمەتە رادەگەیەنرێت و دوای كۆتاهاتنی هەڵمەتەكەیش ژمارەی سەرپێچی و زێدەڕۆیییەكان دەخرێنە روو.

هەولێر/چواس خالید



وشە - هیدایه‌ت جان