10 رۆژ دوای هەولێر و دهۆك:
سبەی تاقیكردنەوەی قوتابییانی سلێمانی و هەڵەبجە دەست پێ دەكات

:: PM:01:47:21/05/2017 ‌

رۆژانی 14 و 15ی مانگی داهاتوو، تاقیكردنەوەی كۆتای هەردوو پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی دەست پێ دەكات و وەزارەتی پەروەردە لە ئێستەوە پلانی بۆ رێگەگرتن لە ئەگەری قۆپیكردن داناوە و گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەیش دەڵێ، هەموو ئەو رێگایانەمان گرتووە لە قوتابییەك بیەوێ قۆپی بكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی ئایار/مایۆ، سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، تاقیكردنەوەكان لە سەرانسەری كوردستان بۆ پۆلە كۆتاكانی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی لە 14 و 15 مانگی حوزەیران دەست پێ دەكات، پرسیارەكان هەمان ئەو پرسیارانەن و وەك هەموو ساڵانی پێشوو یەكدەست دەبن لە سەرجەم پارێزگاكانی كوردستان.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لەبارەی پۆلە ناكۆتاكانەوە لەبەر ئەوەی هەندێك ناوچەی كوردستان لە سەرەتای ساڵ بایكۆتی دەوام راگەیەندرابوو و خوێندكاران لە خوێندن دوا كەوتبوون، دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاكان و ئەوانیش رۆژی 22ی ئایاریان وەك رۆژی دەستپێكی تاقیكردنەوەكان دیاری كردووە و لە رۆژی 30 ئایار كۆتای پێ دێت، بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك، نزیكەی 10 رۆژ تاقیكردنەوەكانیان بۆ دوا خراوە.

ساڵانە لەكاتی تاقیكردنەوە نیشتمانییەكانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی، دەنگۆی زۆر لەسەر ئاستی پارێزگاكان بڵاو دەبێتەوە، بەوەی بەشێك لە خوێندكاران قۆپییان كردووە یاخود پێشوەختە پرسیارەكانیان لە هەندێك سەرچاوە وەرگرتووە. سیوەیلی دەڵێ، بۆ ئەمساڵ هەموو ئەو رێگایانەمان گرتووە بۆ ئەوەی هیچ هەڵە و سەرپێچییەك دووبارە نەبێتەوە.

دووپاتی دەكاتەوە، وەك ساڵی رابردوو، ئەمساڵیش ئامێری نەمانی‌ تۆڕەكانی‌ ئینتەرنێت و ئامێری پشكنینی قوتابییانمان دابین كردووە و دەدرێت بە سەرجەم بەڕێوەبەری هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی نیشتمانی بۆ ئەوەی كاری پێ بكەن.

ساڵی رابردوو وەزارەتی پەروەردە داوای لە حكوومەت كردبوو لەو رۆژانەی تاقیكردنەوەی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت، هێڵی ئینتەرنێت لە سەرانسەری كوردستان ببڕێت، بەڵام دواتر حكوومەت رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕی و كۆمەڵێك ئامێری تایبەت لە كۆتای تاقیكردنەوەكان گەیشتە دەست ئەو وەزارەتە كە بەهۆی درەنگ گەیشتنیان نەیانتوانی بەكاری بهێنن و بڕیارە بۆ ئەمساڵ بخرێنە كارەوە.



وشە - هیدایه‌ت جان