هەواڵگری سەربازیی عێراقی كوشتنی والی كاروباری ئیداریی (نەینەوا) و (ڕەقە)ی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی لەبەری ڕاستی مووسڵ لە هێرشێكی ئاسمانیدا ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەم بڵاوی كردووەتەوە و وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، هەواڵگری سەربازیی عێراقی بڵاوی كردووەتەوە، دوای كۆكردنەوەی زانیاریی ورد و هەواڵگری، بەهۆی وەشانی گورزێكی ئاسمانییەوە لە ناوچەی زەنجیلی لە بەری ڕاستی مووسڵ، توانیویانە تیرۆریست (محەمەد مەجبەل ئەلجواری) بەرپرسی پرۆسەكانی داعش و والی كاروباری ئیداریی نەینەوا و ڕەقەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بكوژن.
ئەمە لەكاتێكدایە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیس و وەڵامدانەوەی خێرا، توانییان بەشی باشووری گەڕەكی حەڤدەی تەمووز لە بەری رۆژئاوای مووسڵ كۆنترۆڵ بكەنەوە و بەوەش تەواوی گەڕەكەكە كەوتووەتە دەستی هێزە عێراقییەكان.
هاوكات شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئێستە داعش لە بەری رۆژئاوای مووسڵ تەنیا ناوچەكانی شیفا و زەنجەلی و باب سنجار و مەیدان و فاڕووقی بەدەستەوە ماوە.