پڕۆسەی دابەشكردنی فۆڕم بەسەر دەرچووانی زانكۆ لە زانكۆی گەرمیان لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی كارگێڕی گەرمیان دەستی پێ كرد و هەشت كۆمپانیا هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ دەڕەخسێنن.
مەریوان عەزیز مامۆستای بەشی كوردی و بەڕێوەبەری دۆزینەوەی هەلی كار لە زانكۆی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەم دەستمان كرد بە ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ دەرچووانی زانكۆكان بەمەبەستی راهێنانیان بۆ خولی هاوینە و دوای ئەوە لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كاریان بۆ دەدۆزرێتەوە.
زیاتر گوتی، پاشتر كۆمپانیاكان كە راهێنان بە دەرچووانی زانكۆ دەكەن، بەپێی پێویستیان هەلی كاریان لە كۆمپانیاكانی سنووری گەرمیان بۆ دەرەخسێندرێت.
ئەو بەرپرسەی زانكۆی گەرمیان باسی لەوەش كرد كە هەشت كۆمپانیا هەلی كار بۆ دەرچووان دەرخسێنن و سەرەتاش بۆ ماوەی 12 هەفتە كۆمپانیاكان خول بۆ دەرچووانی زانكۆ دەكەنەوە و پاشتر دەرفەتی دامەزراندن بۆ 100 دەرچووی زانكۆ دەرەخسێندرێت.
وا بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژی تر، واتە دووشەم و سێشەم چاوپێكەوتنەكان بەردەوام بێت كە لە رێگەی چاوپێكەوتنی كەسییەوە لەگەڵ قوتابیاندا بەشێوەی تاك دێتە ئەنجامدان بۆ دڵنیابوون لە توانای جەستەیی و دەروونیان.
بەهۆی دۆخی خراپی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان و عێراق بەهۆی زۆری خەرجییەكانی جەنگی داعش و دابەزینی نرخی نەوت كە بودجەی هەرێم و كوردستانیان تووشی كورتهێنانی گەورە كردووە، هەلی دامەزراندنیش زۆر كەم بووەتەوە، بۆیە ساڵانە ژمارەیەكی زۆری دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەردەچن و شوێنی دامەزراندنیان نییە.
گەرمیان/ سەبری هۆرینی