گۆڕان وەڵامی یەكێتی دەداتەوە

:: PM:10:29:21/05/2017 ‌

لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بۆ یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان كرد، لە بەرامبەردا ئەندامێكی جڤاتی گشتیی گۆڕان رای دەگەیەنێت كە هەركات ڕێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی چووە بواری جێبەجێكردن، ئەوكات بۆ یەكگرتن، نەوەك یەكگرتنەوە قسەی تریان دەبێت.

هەینی رابردوو نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد، دوێنێ شەمووش لە رێوڕەسمێك لە سلێمانی بەخاك سپێردرا، حاكم قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان وتاری حزبەكەی خوێندەوە و ئاماژەی بە یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان كرد، هاوكات ئەندامانی گۆڕان دەڵێن كە دەستەواژەی یەكگرتنەوە ڕاست نییە و سەرەتاش دەبێت ڕێككەوتنی نێوانیان جێبەجێ بكرێ.
 
كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، پێش هەموو شتێك یەكگرتنەوە نییە كە ئەوان داوای دەكەن، چونكە ئێمە شەخسی یەكێتی نین و ئێمە حزبێكین كە دروستبووین و ناوی گۆڕانە و لە هەموو حزبەكانی تری هەرێمی كوردستان و بێلایەنیشمان تیادایە.
 
زیاتر گوتی، ئێمە حزبێكی جیا و سەربەخۆین ، بۆیە یەكگرتنەوە ڕاست نییە و یەكگرتن ڕاستە، بە ڕای خۆم دەبێت گۆڕان و یەكێتی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان جێبەجێ بكەن، ئێستەش كاتی یەكگرتن نییە، چونكە دوو ڕۆژە كاك نەوشیروان كۆچی دوایی كردووە و كاتەكەی گونجاو نییە.
 
محەمەد روونی كردەوە، هەركات رێككەوتنەكەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی چووە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوكات بۆ یەكگرتن قسەیەكی تریان دەبێت، بڕیاریش لای جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی بزووتنەوەكەیە.
 
لای خۆیەوە ساماڵ عەبدوڵا ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، واژووكردنی ئەو رێككەوتنامە و جێبەجێكردنی مادەكانی، هەنگاوێك بوو بەرەو یەكگرتنەوە، بەڵام بەداخەوە زیاتر لە یەك ساڵ بەسەر ڕێككەوتنەكە رۆشتووە و یەكێتی جێبەجێی نەكردووە.
 
زیاتر گوتی، كاتێك رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرێ، گۆڕان لەسەر چ بنەمایەك لەگەڵ یەكێتی یەك بگرێتەوە، دەبێت سەرەتا رێككەوتننەكە بكرێت، دواتر قسە لەسەر ئەوە بكرێت، 25 مادەی رێككەوتننەكەش باس لە هەموو كایەكانی سیستەم و فەرمانڕەوایی و كۆمەڵایەتی و دادگەری و سەروەربوونی یاسا و بە نیشتیمانیكردنی داو و دەزگەكان دەكات.
 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند كە ئەگەر رێككەوتنامەكە جێبەجێ بكرێت، واتە هەردوولا بە بەرنامەیەكی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و كارگێڕی دەبوو، ئەوكات هەنگاوێكی رژد دەبوو و شتێك نەدەمایەوە بە ناوی ئەمە یەكێتی و ئەوە گۆڕانە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل