زێدان نهێنی سەركەوتنەكانی ریال مەدرید ئاشكرا دەكات

:: AM:09:10:22/05/2017 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید خۆشحاڵی خۆی بە بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا (2016-2017) دەربڕی دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە دوا یارییدا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی مەلەگەی بردەوە.

یانەی ریال مەدرید ئەمە یەكەمجارە دوای پێنج ساڵ بە ناسناوی خولی ئیسپانیا شاد دەبێت دوایین ناسناوی خولەكەشی لە ساڵی 2012 لەسەر دەستی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی بەدەستهێنابوو.

لە كاتی ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی یانەی ریال مەدرید بەبۆنەی بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیا، زێدان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ كۆمەڵێك یاریزان ئاهەنگی بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئیسپانیا دەگێڕم.

زیاتر گوتی: لەم وەرزەدا ئەستەنگی زۆرمان هاتە پێش، بێگومان ئەمەش شتێكی ئاساییە و لە كۆتاییدا توانیمان ئەو خەونە بەدەست بێنین كە هەوڵمان بۆی دەدا، بە دڵنیایشەوە ئەمساڵ ئێمە شایستەی ناسناوەكە بووین دوای ئەوەی ماوەی 38 هەفتە ماندووبوونێكی زۆرمان چەشت.

زێدان هەروەها گوتی: هەر لەسەرەتادا دیاریمان كرد كە ئامانجی ئەمساڵمان بەدەستهێنانی خولەكەیە كە ماوەی چەندان ساڵ بوو لێی بێ بەش بووین، ئەم دەستكەوتەش بۆ یانەی ریال مەدرید گرینگییەكی تایبەتی هەیە و هەروەها سەلماندمان كە باشترین یانەی جیهانین.

راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئاماژەی بەوەشدا كە بەهۆی ماندووبوونی یاریزانان لەنێو یاریگەدا توانیان ناسناوی خولی ئیسپانیا ببەنەوە، جەختیشی كردەوە كە هەر لەسەرەتادا بە یاریزانانی تیپەكەی گوتووە كە سەرجەمیان بۆ یانەی ریال مەدرید گرینگن جا لە پێكهاتەی سەرەكیدا یاری بكەن یان یەدەگ، ئەم پەیامە نهێنی سەركەوتنەكانی یانەی شاهانە بووە.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید هەلێكی تریشی لەبەدەمدا ماوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناسناوی پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بكات كاتێك رۆژی 3ی مانگی داهاتوودا لە یاریی كۆتای پاڵەوانیەتییەكەدا لە شاری كاردیفی ویڵز رووبەڕووی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دەبێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م