بەڵگە.. عەلی باپیر هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا


عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا هێرش دەكاتە سەر نەوشیروان مستەفا و دەڵێ، لە ساڵی 1987 و 1988 ئێرانییەكان پێیان گوتین كە پاسدارێك لەگەڵ خۆتان ببنەوە بۆ بناری قەندیل، ئێمەش ڕەتمان كردەوە و ئەوانیش گوتیان، نەوشیروان مستەفا بە ڕەتل پاسدار دەباتە كەركووك بۆچی ئێوە پاسدارێك نابەن. ئەمەش لە كاتێكدایە لە ڕۆژی بەخاكسپاردنی عەلی باپیر بە سەركردەیەكی خاكی و مەبدەئی وەسفی نەوشیروان مستەفای دەكرد و كەچی ئەو گرتە ڤیدیۆییە ڕووی ئەمیری كۆمەڵی بۆ خەڵك دەرخست و لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هێرشی توندی دەكەنە سەر.

عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە تۆمارە ڤیدیۆیییەكە دەڵێ، من لە یادمە لە ساڵی 1987 و 1988 بەر لەوەی سەركردایەتیی یەكێتی لە سەرگەڵو و بەرگەڵو بگیرێ و كۆتایان پێ بێ، ئێمە لەگەڵ بەرپرسێكی بەرزی كۆماری ئیسلامیی ئێران دانیشتین و لە سەرەتای دەست پێكردنی خەباتی چەكداریدا بووین، كاتێك دانیشتین داوای لێ كردین یەكێك لە پاسدارەكان لەگەڵ خۆمان بەرین بۆ بنكە و بارەگاكانمان كە ئەوكاتە لە بناری قەندیل بوو، من ئەو كاتە بەرپرسی ئەو شوێنە بووم و فەرماندەی هێزی حەمزە بووم، گوتم ئێمە بە شتێكی چاكی نازانین و بە پێویستیشی نازانین لەگەڵ خۆمانی بەرین.

هەروەها دەڵێ، ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تاكە بەڵگەیەك كە بۆ منی هێنایەوە تا بڕوا بەمن بهێنێ، ئەوەبوو گوتی، باشە چۆن یەكێتی ئامادەن پاسداری ئێمە بە ڕەتل بەرنە خوار كەركووك و نەوشیروان لەگەڵیان چووە، لە ڕاستیدا نەوشیروان لە ساڵی 1987 كە لە سەرگەڵو بینیم و خۆی بۆی گێڕامەوە كە چۆن لەگەڵ پاسداران چووە و كلاشینكۆفێكی چینی بەخۆیدا داوە، بۆ ئەوەی كەس نەیناسێتەوە و چوون لە نەوتی كەركووكیان داوە، بۆیە ئەو لێپرسراوە ئێرانییە دەیویست بەوە قەناعەت بەمن بێنێ كە چۆن یەكێتی بە ڕەتل پاسدار دەباتە خوار كەركووك تا لە نەوتی كەركووك بدرێ، چۆن ئێوە ئامادە نین یەك پاسدار لەگەڵ خۆتان بەرن.

ئەو قسانەی عەلی باپیر لە كاتێكدایە، ڕۆژی شەموو لە كاتی بەخاكسپاردنی تەرمی نەوشیروان مستەفا، 180 پلە پێچەوانەی قسەكانی نێو تۆمار ڤیدیۆكەی گوتەوە و وتارەكەی لە كاتی بەخاكسپاردنی تەرمی نەوشیروان مستەفا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار هێنا. عەلی باپیر باسی دیداری خۆی و نەوشیروان مستەفاش دەكات لە سەرگەڵو كە لە ڤیدیۆی تۆماركراوەكە دەڵێ، پاسداری هێناوەتە كەركووك، كەچی لەكاتی بەخاكسپاردنی دەڵێ، لەوكاتە كاك نەوشیروانم وەك سەركردەیەكی سەرڕاستی مەبدەئی بینی. پێی گوتووە بە دەوڵەتێكی ئیسلامی كوردی ڕازییە، هاوكات عەلی باپیر بۆ ئەوەی سۆزی خەڵكی گۆڕانخواز بۆ خۆی ڕابكێشێت، كەوتووەتە پەسنی نەوشیروان مستەفا، بەڵام ڤیدیۆ مێژوویییەكە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو بووەتەوە و هەمووان باس لە دوو ڕوویی عەلی باپیر دەكەن، كە لە ڤیدیۆ كۆنەكە باس لەوە دەكات كە نەوشیروان مستەفا پاسداری بردووەتە كەركووك و لە كاتی بەخاكسپاردنیشی بە سەرڕاست و مەبدەئی ناوی دەبات.

لە پەیجەكانی فەیسبووك بەشێوەیەكی زۆر بەرفرەوان ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە بڵاوكراوەتەوە، كە عەلی باپیر نەوشیروان مستەفا بە هێنانی پاسدار بۆ كەركووك تۆمەتبار دەكات و هەمووان نووسیویانە، ئەو پیاهەڵدانەی دوێنێت لە چی و ئەو تۆمەتانە چی، وا باشترە ئەمیری كۆمەڵ ئەگەر لەبەر ڕەوشتی كوردایەتیش نا، لەبەر دیندارییەكەی واز لە دوو ڕوویی بهێنێت.






وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:11:13:22/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 92494 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌