نرخی نەوت گەیشتە 54 دۆلار

:: AM:11:19:22/05/2017 ‌

 

ئەمڕۆ دووشەمە هەفتەیەکی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ کرد و نرخی نەوتیش لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و دوای ٣٣ رۆژ دووبارە نرخەکەی هەڵکشاوە بۆ ٥٤ سۆلار.

 

هەفتەی رابردووش نرخی نەوت لە بازاڕەكان بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە. نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە ٥٣ دۆلار و ٧٩ سەنت بەسترا و لەمڕۆ سەرلەبەیانیشەوە نرخەکەی ٢١ سەنتی تر بەرز بووەتەوە.

 

دوای ئەوەی لە پێنجی ئەم مانگە نرخی نەوت بۆ ٤٦ دۆلار و ٦٣ سەنت دابەزی، جگە لە دوو رۆژ نەبێت، هەموو رۆژێك بڕێك لە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە. لەو كاتەوە سەرووی حەوت دۆلار لە نرخەكە بەرز بووەتەوە كە بەرێژە دەكاتە سەرووی ١٥%.

 

یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەوەیە هەریەك لە رووسیا و سعوودیە هەفتەی رابردوو لەسەر ئەوە رێككەوتن، رێككەوتنی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت تا ئاداری ٢٠١٨ درێژ بكەنەوە.

 

پسپۆڕان پێشبینی دەكەن لەگەڵ بە فەرمی درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە نرخی نەوت بەرەو سەرووی ٥٥ دۆلار بەرز ببێتەوە.

 

لە دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپێك بۆ دابەزاندنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت، نرخی نەوت هەڵكشابوو و بۆ یەكەم جار لە سەرەتای ئەم مانگە رووی لە داكشان كرد.

 

لە كۆتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦، وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دا نزیكەی ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەیان كەم بكەنەوە و لە ١٠ی مانگی كانوونی یەكەمیش وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بە سەرۆكایەتیی رووسیا، بڕیاری كەمكردنەوەی نزیكەی ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیان دا.

 

ئەو وڵاتانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیان كرد بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكەیان و بەشێك لە بەڵێنەكەیان جێبەجێ كرد و هەر ئەو هەنگاوانەش وای كرد نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە سەرووی ٤٥ دۆلارەوە بەرز ببێتەوە بۆ سەرووی ٥٥ دۆلار.

 

هۆكاری ئەو رەوتەی دابەزینی نرخی نەوت، لە ئاكامی كەمبوونەوەی متمانە بوو بە توانای ئۆپێك لە بەرامبەر گەشەی بەرهەمهێنانی نەوتی شێل یان لیتەیی ئەمەریكا و بەرهەمهێنانی نەوتێكی زۆر و تێربوونی بازاڕی نەوت.

 

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەستراوەتەوە بە زۆری یان كەمیی بەرهەمهێنانی نەوت و هاوسەنگی خستنەڕوو و داواكاری و كاتێك لە خستنەڕووی نەوت هیچ كۆنترۆڵ و سنوورێك نەبێت، ئەوا بازاڕی نەوتیش جێگیر نابێت و نرخەكان روو لە دابەزین دەكەن.

 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هانی بەرهەمهێنەرانی جۆری نەوتی لیتەیی ئەمەریكای دا ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بكەنەوە و دەست بە لێدانی بیری زیاتری نەوت بكەن.

 

بڕیارە لە ٢٥ی ئەم مانگە ئۆپێك لە ڤیەننا كۆ ببێتەوە  و دوایین بڕیار لەبارەی درێژكردنەوەی رێككەوتنی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بدات.

 

 

وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بۆ نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ لەسەر رێككەوتنەكەیان بەردەوام بن، بەڵام زۆر جار گومان لەوە دەكرێت رێككەوتنەكە درێژەی هەبێت و ئەمەش كاریگەریی خستووەتە سەر بازاڕەكە.

 

بەگوێرەی dailyfx تێكڕای نرخی نەوت لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە تا حەوتی ئاداری ئەمساڵ ٥٥ دۆلار و ٥٠ سەنت بووە. دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپێك لە ٣٠ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو نرخی نەوت بەرز بووەوە، ئەگەر نا پێشتر لە خوارووی ٤٥ دۆلار دەفرۆشرا و سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەش بۆ نزیكەی ٢٧ دۆلار دابەزیبوو.

 

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ نرخی نەوت لە سەرووی ١١٠ دۆلار دەفرۆشرا. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ داعش سەری هەڵدا و تا كۆتای ساڵەكەش نەوت رووی لە دابەزین كرد و ئەو دابەزینە بەردەوام بوو تا كۆتای ساڵی ٢٠١٥، لە یەكەم مانگی ساڵی ٢٠١٦دا گەیشتە نزمترین ئاست و هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە ٢٧ دۆلار دەفرۆشرا.

 

ئەوەی هۆكار بووە لە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، بریتی بووە لە زۆریی بەرهەمهێنانی نەوت لە دنیا و كەمیی بەكاربردنی نەوت.

 

گۆڕانكاری رۆژانەی نرخی نەوت

 

 

گۆڕانكاری هەفتانەی نرخی نەوت

 

 

گۆڕانكاری مانگانەی نرخی نەوت



وشە - سلێمان تاشان