ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیای گونەل ئینرجی دادەبەزێت

:: PM:05:03:26/10/2016 ‌
گونەل ئینرجی کە یەکێکە لە سەرەکیترین کۆمپانیاکانی بواری دەرهێنانی نەوت لە کوردستان  و لە کێڵگەی تەقتەق نەوت دەردەهێنێت، باسی لەوە کردووە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکە بۆ ٥٨ هەزار و ٦٠٠ بەرمیل لە رۆژێکدا کەمی کردووە لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا تێکڕای دەرهێنانی رۆژانەی نەوت لە کێڵگەکە بریتی بووە لە ٦٨ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە کە بڕی داهاتی نەوتی کوردستان لە مانگی ئابدا بەرزبوویەوە بۆ ٤٣٧ ملیۆن دۆلار لە کاتێکدا مانگێک پێشتر ئەو داهاتە بریتی بووە لە ٤١٢ ملیۆن دۆلار. هەروەها روونیشی کردووەتەوە کە  حکوومەتی هەریمی کوردستان کە بڕیاری دابوو مانگانە برێک پارەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت بدات لە ماوەی رابردوو کەمتەرخەم بووە لە پێدانی پارەکانیان.

هاوکات کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە کە دوێنێ چوارشەم ١٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلاری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە کە پێوەندی بە دەرهێنانی نەوت هەبووە بۆ مانگی ئاب.

گونەل ئینرجی باسی لەوەش کردووە کە لە پلانی دایە ساڵی داهاتوو پەرە بە کێڵگەی تەقتەق بدات. بەڵام ئەوەی بۆ کۆتایی ئەمساڵ چاوەڕوانی دەکرد زیادی بکات کەمتر دەبێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکەی و لە سێ مانگی رابروودا بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە بە رێژەی ٨% دابەزیوە.

سەرچاوە/investing—upi


وشە - سلێمان تاشان