جگەرە لە سەرتاسەری وڵات قەدەغە دەكرێ

:: PM:12:27:22/05/2017 ‌

سەرۆكی فلیپین بڕیارێكی دەركرد و تێیدا كێشانی جگەرە لە تەواوی شوێنە گشتییەكانی وڵاتی فلیپین بە تەواوی قەدەغە دەكرێ و هەر كەسێكیش ئەو فەرمانە بشكێنێت، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.

رۆدریگۆ دوتیرتی سەرۆكی فلیپین بڕیاڕیكی واژوو كرد كە تێیدا كێشانی جگەرە لە تەواوی شوێنە گشتییەكانی وڵات قەدەغە دەكات، ئەو دیمەن و دیاردە ناشیرینە بە تەواوی لە شوێنە گشتییەكان لە ناو دەبات.

دامەزراوە تەندروستییەكانی فلیپین بە گەرموگوڕی زۆرەوە پشتیوانی بڕیارەكەی سەرۆكی فلیپین دەكەن و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی تەندروستی گشتیی كۆمەڵگەكە باشترین بێ و لە داهاتووش نەوەكان كەمتر فێری جگەرەكێشان ببن.

ئەو بڕیارە لە ساڵی ڕابردووەوە خراوەتە ڕوو، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی زۆری كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی جگەرە لەو وڵاتە، سەرۆكی فلیپین تا ئەمڕۆ واژووی لەسەر نەكرد، دوای واژووكردنی بڕیارەكەش گرووپی كۆمپانیاكانی "ئێل تی گرووپ" كە خاوەنی گەورەترین كارگەی جگەرەیە لە وڵاتەكە، پشكەكانی بە ڕێژەی 4.4% ڕووی لە دابەزین كرد و زیانێكی زۆری پێ گەیشت.

بڕیارەكانی سەرۆكی فلیپین بەگوێرەی یاساكانی ئەو وڵاتە، دەبێ بەلایەنی كەم لە ماوەی 60 ڕۆژی دوای بڕیارەكە بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە پێویستیان بە ئامادەكاری و گرتنەبەری ڕێوشوێنە بە تەواوی لەلایەن دەزگەكانی حكوومەتی ئەو وڵاتەوە هەنگاویان بۆ بنرێت.

ماریكار لامبین بەڕێوەبەری جێبەجێكاری هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی جگەرەكێشان لە فلیپین، بڕیارەكەی سەرۆكی وڵاتەكەی بە بڕیاڕیكی مێژوویی ناو برد و گوتی، ئەمە بڕیارێكی زۆر پێویست بوو بۆ ئەوەی خەڵك بپارێزین و دووریان بخەینەوە لە ئالوودەبوون بە دەست جگەرەكێشانەوە.

سه‌رچاوه‌/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د