سەركۆماری عێراق داوای پێداچوونەوە بە قەدەغەكردنی مەی دەكات

:: PM:05:15:26/10/2016 ‌

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینە دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای داهاتی شارەوانییەكان دا كە بڕگەیەكی بۆ قەدەغەكردنی دروستكردن و هاوردە و فرۆشتنی مەی تیادا بوو، ئەمڕۆ فوئاد مەعسووم سەركۆماری عێراق داوای پێداچوونەوەی بە یاساكە و رێكخستنەوەی بە رەچاوكردنی بەرژەوەندییەكانی گەل و لەسەر بنەمای دیموكراسی و دەستووری كردەوە.

شەمووی رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای داهاتی شارەوانییەكانی عێراق دا كە بڕگەیەكی تیادایە و قەدەغەی دروستكردن و هاوردەكردن و فرۆشتنی مەی دەكات و سزای 10-25 ملیۆن دیناری بۆ پێشێلكردنی یاساكە دیاری كرد.

نووسینگەی سەركۆماری عێراق لە بەیاننامەیەك ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە سەركۆمار بەگرنگییەوە رەچاوی كاردانەوەكانی لە بەرامبەر تێپەڕاندنی یاساكە كردووە و بەرەچاوكردنی مافی دەستوری و دیموكراتی كەمینەكانەوە، بۆیە داوای پێداچوونەوەی راستكردنەوەی یاساكەی كرد بەشێوەیەك رەچاوی بەرژەوەندییەكانی وڵات و گەل پرەنسیپی ئازادی و مافەكانی تاك بكرێت.

زیاتر گوتی، زیادكردنی بڕگەیەك بۆ ناو پڕۆژەیاساكە لەكاتی دەنگدانی بەبێ تێپەڕبوونی بەیەكەم و دووەم خوێندنەوەی رێوشوێنێكی راست نییە و لەگەڵ رێكارە یاسایی و دیموكراتییەكانی پەرلەمان ناگونجێت كە پێشتر كاری پێ كراوە، بۆیە مەعسووم دووپاتی لە پەرلەمان كردووەتەوە كە هەوڵی چارەسەركردنی دۆخەكە بدات و دەنگدان لەسەر یاساكە بكرێتەوە بەرەچاوكردنی ئەوەی باس كرا.

دوای دەرچوونی یاساكە لە پەرلەمانی عێراق، كاردانەوەی جیاجیای لێ كەوتەوە، ژمارەیەك پەرلەمانتار هێرشیان كردە سەر پەرلەمان بەتایبەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) كە یاساكەی پێشنیاز كردووە و گوتیان كە چەكدارانی شیعە لە بەغدا مەلها و باڕ و هۆڵی قومار دەپارێزن، پەرلەمانتارێكی كریستیانیش گوتی كە سوو (ریبا)ی بانك حەڵاڵە، بەڵام مەی حەرام دەكرێت، بۆیە ئەوان لە دادگەی باڵا تانە لەو یاسایە دەدەن. 

سەرچاوە: سۆمەرییە نیوز، مەوازین نیوز
   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل