یاریزانانی یانەی ریال مەدرید لە كاتی ئاهەنگگێڕانیان بەبۆنەی بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئیسپانیا لە گۆڕەپانی سیپیلیس لە شاری مەدرید، وشەی نەشیاویان بە یاریزانێكی یانەی بەرشەلۆنەی ركابەرییان گوت.
شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە دوا یاریی خولی ئیسپانیا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی مەلەگەیان بردەوە و بەكۆكردنەوەی 93 خاڵ بوونە پاڵەوانی خولەكە.
دوای یارییەكە یاریزانانی یانەی ریال مەدرید گەڕانەوە شاری مەدرید و لە گۆڕەپانی سیپیلیس لەگەڵ زۆرێك لە هاندەران ئاهەنگی بەدەستهێنانی ناسناوەكەیان گێڕا.
ئیسكۆی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید لە كاتی ئاهەنگگێڕانەكەدا چەند وشەیەكی نەشیاوی ئاراستەی گیرارد پیكێی بەرگریكاری یانەی بەرشەلۆنە گوت و دواتریش بەشێكی زۆری یاریزانەكانی هاوڕێی هەمان رستەیان گوتەوە.
ئیسكۆ بە بڵندگۆ هاواری دەكرد "پیكێ، ئەی پشیلەی پیس، ئێستا سڵاو لە پاڵەوانەكان بكە" دواتریش هاندەران بەدەنگێكی بڵند هەمان رستەیان دەگووتەوە.