هەولێر.. شۆفڵ گەنجێك دەكوژێت

:: PM:02:24:22/05/2017 ‌

بەهۆی گەڕانەوەی شۆفڵ بەهەڵە، هاووڵاتییەك گیان لە دەست دەدات و تەرمەكەی دەهێنرێتە نەخۆشخانەی ڕزگاری و ئێستە شوفێری شۆفڵەكە گیراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 22ی ئایار/ مایۆ، لە شارۆكەی مەخمووری سەر بە پارێزگای هەولێر، شۆفڵێك لەكاتی كاركردن لە كوورەیەكی بەرهەمهێنانی كەرپووچ بەهەڵە دەكشێتەوە دواوە و بەو هۆیەوە گەنجێك دەكەوێتە ژێر و ڕاستەوخۆ گیان لە دەست دەدات.

هەرێم كە خزمێكی نزیك لە مردووەكەیە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەكاتی كاركردن "مەڕوان"ی تەمەن 28 ساڵ دەكەوێتە ژێر شۆفڵ و گیان لە دەست دەدات.

ئەم هاووڵاتییە گوتی، ئێستە تەرمەكەی هێنراوەتە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر و دوای تەواوبوونی ڕێكارە یاسایییەكان، دەیبەینەوە شارۆكەی مەخموور بەمەبەستی بەخاكسپاردنی، هەروەها پۆلیس پێی ڕاگەیاندووین شوفێری شۆفڵەكە خۆی ڕادەستی پۆلیس كردووە.

شارۆكەی مەخمووری سەر بە پارێزگای هەولێر كۆمەڵێك كوورەی بەرهەمهێنان و سووركردنەوەی كەرپووچی لێیە، هاووڵاتییەكی زۆر خەریكی ئەم پیشەیەن لە شاری هەولێر و شارۆكەكانی دەوروبەری.



وشە - رامیار جەواد