لە كەركووك بۆ مانگی ڕەمەزان زنجیرە درامایەك بەرهەم دەهێنرێت

:: PM:03:24:22/05/2017 ‌

كۆمەڵێك هونەرمەند لە شاری كەركووك خۆبەخشانە درامایەكی كۆمێدی و ڕەخنەئامێز بە ناوی "خورشیدی بووك" بۆ مانگی ڕەمەزان بەرهەم دەهێنن كە پێك دێت لە 30 ئەڵقە و باس لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵك دەكات.

خاڵدار قەواڵی یەكێكە لەو خۆبەخشانەی كە لەسەر گیرفانی خۆی كاری وێنەگرتن بۆ ئەم درامایە دەكات و بە "وشە" ی ڕاگەیاند: هەر كەسێك بە خۆبەخش كار بۆ كەركووك بكات، منیش خۆبەخشانە ئامادەم كاری وێنەگرتنی بۆ بكەم. 22 هونەرمەندی شاری كەركووك و سلێمانی و كەلار بە خۆبەخش بەشداری ئەم درامایە دەكەن، هەندێك هونەرمەندی شارەكانی تریش پێوەندییان پێوە كردووین بۆ ئەوەی ئەوانیش خۆبەخشانە بەشدار بن، ئەویش لەبەر ئەوەی هونەر بە شێوەیەكی بەرچاو پشتگوێ‌ خراوە، بەتایبەتی لە شاری كەركووك، بۆیە وامان پێ‌ باش بوو لە بڕی كات بەفیڕۆدان بۆ هاوكاریكردن، خۆبەخشانە ئەم كارە ئەنجام بدەین.

هاوكات ئاشكرای دەكات: لە ئێستەدا كاری وێنەگرتن بۆ ئەم درامایە دەكەین لە شاری كەركووك و بە نیازیشین بەم نزیكانە لە شاری هەولێر و سلێمانی كاری وێنەگرتنی بۆ بكەین، دراماكە 30 ئەڵقە دەبێت و سەرجەمیان كەسێك ڕۆڵی "خورشید" دەبینێت و بەشێوەیەكی جیاواز و كۆمێدییانە باس لەو كەسایەتییە دەكات. لەم درامایەدا ئامانجمان گەیاندنی كار و چالاكیی هونەریی شاری كەركووكە.

شایەنی باسە، ئەم درامایە لە نووسینی ئەسوەد فایەقە و زانیار جومعە سەرپەرشیاری گشتییە و دیار حوسێن كاری دەرهێنانی بۆ دەكات. كەناڵی "كەی هاوس" پارەیەكی كەمی داوە بۆ ئەوەی لە مانگی ڕەمەزاندا بۆ بینەران پەخشی بكات.

وشە/ محەمەد جەمال















وشە - تایبه‌ت