هۆكاری هەڵبەز و دابەزی شەكرەی خوێن چییە؟

:: PM:05:12:22/05/2017 ‌

هۆكاری جیاواز بۆ هەڵبەز و دابەزی رێژەی شەكرەی خوێن هەیە، كە هەردوو حاڵەتەكە ئاسایی نین و هۆكارەكانیشیان پێوەستن بە شێوازی ژیان و خۆراكی رۆژانە بەبێ ئەوەی ئاگەداری بین، ماڵپەڕی تەندروستی " webmd" چەند هۆكارێكی ئەو حاڵەتە دەخاتە روو كە بریتین لە: 

*خواردنەوەی دەوڵەمەند بە كافایین، لەوانەیە دوای خواردنەوەی قاوە بەهۆی بوونی مادەی كافایینەوە رێژەی شەكرە لە خوێن زیاد ببێت و هەمان شتیش بۆ چای رەش و سەوز و خواردنەوە وزە بەخشەكان، بەتایبەتی لای ئەوانە كە نەخۆشی شەكرەیان هەیە بەخواردنەوەی ئەوانەی باس كران كاریگەر دەبن. 

*خواردنی چینی، لە كاتی خواردنی ژەمێك لە برنج و گۆشتی سوور و مریشك، تەنیا برنجەكە هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی شەكرە نییە، بەڵكو خۆراكە زۆر چەوركەش كە وا دەكات رێژەی شەكرە ماوەیەكی زۆر لە خوێندا بمێنێتەوە و هەمان شتیش بۆ پیتزا و پەتاتەی سوورەوەكراوە راستە.  

*پاڵەپەستۆی كار، ئەو كاتەی دەكەویتە ژێر سترێس، جەستەت چەند هۆڕمۆنێك دەردەدات كە رەنگە ببنە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شەكرەی خوێن، بەتایبەتی لەوانەی بەدەست جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرەوە دەناڵێنن، بۆیە پێویستە فێری حەسانەوە و هەناسە هەڵمژینی قووڵ و وەرزشكردن بیت.  

*دەرمانی سەرمابردوویی، دژەهەوكەردنەكان كە مادەكانی سوودائیفیدرین و فینیلیفرینیان تیادایە رەنگە رێژەی شەكرەی خوێن بەرز بكەنەوە، هەروەها دەرمانی سەرمابردوویی هەندێك جار شەكری تیادایە، بۆیە بەر لە خواردنیان بەدوای پێكهاتەكەیدا بگەڕێ.

*ماست، وریای خواردنی ئەو خۆراكانە بە كە بەكتریای تەندروستیان تیادایە وەك جۆرەكانی ماست، چونكە هەرسكردن باشتر دەكەن، بەڵام ئەوانەی شەكر و میوەیان بۆ زیاد كراوە كار دەكەنە سەر رێژەی شەكر لە خوێندا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل