بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هۆڵی مانچستەر ئارنای بەریتانیا لەدوای كۆتایی هاتنی كۆنسێرتی گۆرانیبێژێكی ئەمریكی دوو تەقینەوە روویدا و پۆلیسی ئەو وڵاتەیش رای دەگەیەنێت، 78 بریندار و كوژراو هەیە.
ئەمڕۆ سێشەم 23ی ئایار/مایۆ ئاژانسی هەواڵی BBC رای گەیاندووە، بەهۆی تەقینەوەكەی شەوی رابردووی شاری مانچستەر 19 كەس گیانیان لەدەست داوە و 59 كەسی تریش بریندارن، سەرجەمی كوژراو و بریندارەكان گەنج و مێردمنداڵن.
ئەو روداوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای كۆتایی هاتنی كۆنسێرتی "ئاریانا" گۆرانیبێژی بەناوباگی ئەمریكی لە هۆڵی مانچستەر ئارنا رووی داوە و پۆلیسیش رای دەگەیەنێت دوو تەقینەوە لەسەریەك روویان داوە.
پۆلیسی بەریتانیا ئاشكرای كردووە، ئامێرێكی تەقاندنەوەی بۆمب لە ناو وێستگەی میترۆی ڤیكتۆریا كە دەكەوێتە تەنیشت هۆڵی كۆنسێرتەكە، دۆزراوەتەوە و بەو هۆیەیش پۆلیس رۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی لە شوێنەكە دوور خستووەتەوە.
زیاتر دەڵێ، تا ئێستە چۆنیەتی رووداوەكە یەكلایی نەبووەتەوە و لە لێكۆڵینەوەكاندا گۆمان لە دوو ئەگەر، واتا هێرشی خۆكوژی و دانانەوەی بۆمبی دەستكرد هەیە و دواتر راستی بابەتەكە بۆ رای گشتی دەخرێتە روو.