سبەی عەلی زەنگنە كۆنسێرتێك لە هەولێر ساز دەكات

:: AM:09:49:23/05/2017 ‌

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی هونەرەكانی موزیك، بڕیارە سبەی چوارشەم، كۆنسێرتێكی گۆرانی و موزیك بۆ هونەرمەندی شاری كەركووك عەلی زەنگنە ساز بكات.

فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیر و هونەری هەولێر لەوبارەیەوە بە "وشە"ی راگەیاند، هونەرمەند عەلی زەنگنە كە یەكێك لە هونەرمەندە كۆنەكانی كەركووكە و ناوێكی دیاری بواری گۆرانیی كوردییە، بۆیە پێمان باش بوو پشتگیریی بكەین بۆ سازكردنی كۆنسێرتێك كە لە هەولێر سازی بكات. ئەو وەك هێمایەك بۆ گۆرانیی گەرمیان تەماشا دەكرێت كە خاوەنی دەیان گۆرانیی ناوازەیە.

عەلی زەنگنەی هونەرمەند لەوبارەیەوە بۆ "وشە" گوتی، هەڵوێستی وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیر و هونەری هەولێر، بەرز دەنرخێنم كە ئاوڕیان لێم داوەتەوە و بەدڵ پێم خۆشە لە نزیكەوە گۆرانی بۆ جەماوەرە خۆشەویستەكەی هەولێر گۆرانی بڵێم.

عەلی زەنگنە كە ساڵی 1956 لە كەركووك لە دایك بووە، سەرەتای هاتنەناوەوەی بۆ بواری هونەری بۆ ساڵی 1970 دەگەڕێتەوە كە وەك گۆرانیبێژ رۆڵی لە درامای "مەرەزە" بینی، بەدوایدا بە گۆرانییەكانی "بەرزی باڵاكەت- نازە نازە- ئەشقی ئێمە" بووە ناوێكی دیاری گۆرانیی كوردی لە سەرانسەری كوردستاندا. تا ئێستە زیاتر لە 50 گۆرانیی بڵاو كردووەتەوە كە زۆربەیانی كردووەتە كلیپ. جیا لە بەشداریكردن لە دەیان فێستیڤاڵ لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان. هاوكات دوای رووخانی رژێمی بەعس و رزگاركردنی كەركووك، عەلی زەنگنە وەك جێگری لقی كەركووكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان دەستبەكار بووە و تا ئێستەیش لە هەمان پۆستدا هەڵپە دەكات.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د