قیستی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر دەستی پێ كرد" />

هەمو زانیارییەكان لە "وشە"وە وەربگرە
قیستی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر دەستی پێ كرد

:: AM:10:30:23/05/2017 ‌

ئەمڕۆ بەرێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بە فەرمی سزای سەرپێچی شۆفێرانی كردووە بە قیست و گوتەبێژی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش سەرجەم وردەكارییەكانی بۆ "وشە"دەخاتە روو.

ئەمڕۆ سێشەم 23ی ئایار/مایۆ، رائید فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" رای گەیاند، لەمڕۆوە مامەڵە بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەكرێت كە ئارەزوومەندن سزای سەر ئۆتۆمبێلەكانیان بكەن بە قیست.

زیاتر روونی دەكاتەوە، سیستەمی قیستەكە ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە كە تەنیا یەك سەرپێچییان هەبووە و دەبێ سەرپێچییەكە لە دوو بەرەو سەر بێت و ماوەی یەك ساڵ دیاری كراوە بۆ دانەوەی كۆی قیستەكە.

"پێویستە ئەو كەسەی دێت بۆ راییكردنی مامەڵەكانی، ساڵیانەكە بەناوی خۆی بێت و لەگەڵ ناسنامەی باری شارستانی خۆی بیهێنێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، لە بەشی یاسایی بەڵێننامەیەكی پێ پڕ دەكرێتەوە كە لە ماوەی یەك ساڵدا كۆی قیستەكانی بداتەوە"، رائید فازڵ وای گوت.

هەر هاووڵاتییەك بەڵێننامەكەی پڕ كردەوە، بەڵام نەیتوانی پابەند بێت بە دانەوەی قیستەكانی لە ماوەی یەك ساڵدا، بە گوتەی گوتەبێژی هاتوچۆ، ئەو كەسە ناوی دەخرێتە لیستی رەشی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر و بۆ جاری دووەم لە خزمەتگوزاری قست بێبەش دەكرێت.

پێدانەوەی قیست لای هاووڵاتییان لە رێی بانكەوە نابێت و هەموو وادەی قیستەكان هاووڵاتی لەسەریەتی لە بەشی ژماردنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر قستەكانی بداتەوە و قەرزەكەی هەر چەندێك بێت دەبێ لە ماوەی 12 مانگدا هەمووی بداتەوە.



وشە - هیدایه‌ت جان