بۆچی بەرشەلۆنە ئەمساڵ خولی ئیسپانیای لەدەست دا
یانەی بەرشەلۆنە ئەمساڵ نەیتوانی بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەك ناسناوی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەدەستبێنێ، دوای ئەوەی پێرێ یەكشەم یانەی ریال مەدرید لە دوا یاریی خولەكەدا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی مەلەگەی بردەوە و بووە پاڵەوانی خولەكە.
چەندان هۆكار هەبوون كە بوونە هۆی ئەوەی یانەی بەرشەلۆنە ئەمساڵ نەتوانێ ناسناوەكە بباتەوە، هەرچەندە لە دوا ساتەكاندا نزیكبوو ناسناوەكە لە چنگی یانەی ریال مەدرید دەربێنێ.
ئەو هۆكارانە گەلێكن، بەڵام لێرەدا پێنج هۆكاری سەرەكی بۆ خوێنەرانی (وشە) دەخەینەڕوو:-
لەدەستدانی چەندان خاڵی بێ مانا
یانەی بەرشەلۆنە ئەمساڵ هەر لە سەرەتای خولەكەدا چەندان خاڵی ئاسان و بێ مانای لەدەستدا، یانەكە چوار یاریی ئاسانی لە خولەكەدا دۆڕاند بەرامبەر یانەكانی ئەلاڤێس، سێلتا فیگۆ، دیپۆرتیڤۆ لاكڕۆنیا و مەلەگە، یانەكە هەروەها دەیتوانی یاریی كلاسیكۆی یەكەمیش بەرامبەر یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی كامپ نوو بباتەوە، بەڵام لە دوا ساتەكاندا یانەی شاهانە گۆڵی یەكسانبوونەوەی لەلایەن سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكارەوە تۆمار كرد، لە دەستدانی ئەم خاڵە بێ مانایانە بوونە هۆی ئەوەی یانەی بەرشەلۆنە خولی ئیسپانیا لەدەست بدات.
ماندبوونەكانی لە خولی یانە پاڵەوانەكان
نابێت ئەوە لە بیر بكەین كە ئەنجامە خراپەكانی یانەی بەرشەلۆنە لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بوونە هۆی ئەوەی یاریزانان ماندوو بكەن، بەتایبەتیش شكستە گەورە و چاوەڕواننەكراوەكەی بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان بە ئەنجامی 4-0 گۆڵ لە قۆناغی 16، یاریزانان لە یاریی گەڕانەوەدا رووبەڕووی پاڵەپەستۆیەكی زەحمەت بوونەوە و ماندووبوونێكی زۆریان چەشت تا بە ئەنجامی 6-1 گۆڵ سەركەوتنیان بەدەستهێنا، یانەكە دواتریش لە قۆناغی 8 نەیتوانی بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی وەرەی یاریزانان بەرز بكاتەوە و تووشی دڵگرانییەكی زۆر بوونەوە، سەرجەم یارییەكانی خولەكە كاریگەری خراپیان كردە سەر یانەی بەرشەلۆنە لە خولی پلە یەكی ئیسپانیا.
راگەیاندنی رۆیشتنی ئێنریكی
لویس ئێنریكی لە ناوەڕاستی خولەكەدا بڕیاری جێهێشتنی یانەكەی دا دوای سێ ساڵ لە راهێنەرایەتی یانەكەدا، بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە پێیانوابوو راگەیاندنەكە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ورەی یاریزانان بۆ ئەوەی لە دوایین وەرزی راهێنەرایەتی راهێنەرەكەدا باشترین ئاست پێشكەش بكەن، بەڵام بۆچوونەكەیان هەڵە بوو و تەنانەت وای لە یاریزانان كرد بەتەواوی ورە بەربدەن و خەریكبن بە دەنگۆكانی راهێنەری نوێی یانەكەیانەوە.
خراپی ئاستی چەند یاریزانێك
لە یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا دەركەوت كە چەندان یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە هەن شایستەی ئەوە نین درێسی یانەكە لەبەر بكەن بەهۆی خراپی ئاستییانەوە، لەوانەش جیریمی ماتیۆی بەرگریكاری فڕەنسی، یانەكە هەروەها لە گرێبەستە نوێیەكاندا چەندان هەڵەی گەورەی كرد و بەتایبەتیش لە هێنانی یاریزانان ئەندرێ گۆمێز و پاكۆ ئەلكاسێری هێرشبەر، یانەكە ئەمساڵ تەنیا سوودی لە ساموێل ئۆمتیتی بەگریكاری فڕەنسی بینی كە تاڕادەیەك توانی لە یەكەم وەرزی یاریكردندا ئاستێكی باش پێشكەش بكات.
رۆیشتنی ئەلڤێس
دانی ئەلڤێسی بەرگریكاری بەڕازیلی هاوینی رابردوو یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت و چووە یانەی یۆڤانتۆس، دوای رۆیشتنی ئەو یاریزانە هیچ یاریزانێكی یانەی بەرشەلۆنە نەیتوانی لای راستی هێڵی بەرگری پڕ بكاتەوە، سێرجی رۆبێرتۆ لە بەشێكی زۆری یارییەكاندا هەڵەی كوشندەی ئەنجامدا و ئەلێكس ڤیدالیش ئاستی وەك پێویست نەبوو و دواتریش تووشی پێكانی قورس هات.
وشە -
ئامانج ئهكرهم