سووڕانەوەی شەقامەكانی هەولێر گرانەتای شۆفێرە

:: AM:10:43:23/05/2017 ‌

لە رێگەی بەرینی سەرەكی كۆیە سووڕانەوەكان زۆرن، بەڵام دوو سووڕانەوەكەی ئەملاوئەولای نزیك ماجیدی مۆڵ، هیلالێكی گرانەتایە و هەر شۆفێرێك پێیدا تێپەڕێت، بێ لەرزوتا دەربازی نابێت. ئاخر لەو شەقامە بەرینەدا زۆربەی كات هاتوچۆ دەخنكێت و چوار ڕیز ئۆتۆمبێل بە تەنیشت یەكەوە لە نۆرەی سووڕانەوە سەر لە دووی یەك دەنێن، كە تەنیا توولەڕێیەك بۆ دەرچوون دەهێڵنەوە. كەس تێناگات ئەو سووڕانەوانە بۆ چین لە كاتێكدا ترافیك لایت لە شاردا هەیە.

كاتێك لە شەقامی 100 مەتری ڕووە و كەسنەزان دەچیت، یا بە پێچەوانەوە، وەك ئەوەی بەسەر فەرشی سووردا بڕۆی، شەقامێكی ڕاستەڕێی چوار لاین پێشوازیت دەكات. شەقامێك هەرخۆشە بە ئۆتۆمبێل تێیدا جرتوفرتت بێت، بەڵام ئەوەت بۆ ناچێتە سەر، ئاخر هەر ئەوەندە دەزانی لە نیوەی ڕێگەدا كەوتوویتە ناو ئاپۆڕای ئۆتۆمبێل و لەو شەقامە بەرینەدا ڕێت نییە بڕۆی. خۆ لە دوای عەسرەوە هەر مەپرسە!. 

پاڵەپەستۆ و تێكگیران، حەوت ڕیز ئۆتۆمبێل لە چوارلاینی شەقامەكە جێی خۆیان كردووەتەوە و بە پانایی دێن. وەنەبێت ئەوانەش تا سەر بەڕیز بڕۆن، هەندێكیان لە ڕاستەوە بۆ چەپ هێرش دێنن و هەندێكیش لە چەپەوە بەرەو ڕاست مل دەنێ. ئەمە تەنیا لە هەولێر دەبینرێ، لە كاتێكدا شەقامەكانی بەرینترین شەقامی شارەكانی دنیان. قەرەباڵغی و پەنگخواردنەوەی ئۆتۆمبێل و ئاگاداربوون لە ئەگەری پێكدادان، دەروونی شۆفێران هیلاك دەكات و تووڕەیییان دەگەیەنێتە ئەوپەڕی. 

محەمەد چوار ساڵە بە بەردەوامی لەسەر ئەو شەقامە لەسەر پشتی پیكابەكەی سەوزە و میوە دە‌فرۆشێت و دەڵێ، "ڕۆژانە گوێم لە جوونی پیس پیسی شۆفێران دەبێت كە بە یەكدی دەدەن". ئەوانە بە لای شێروان محەمەد ئاسایییە كە لە گەڕەكی ئایندە نیشتەجێیە و ڕۆژانە ئەو شەقامە رێگەی كاریەتی. 

شێروان بۆ "وشە" گوتی، "هەموو ڕۆژێك لە 100 مەترییەوە تا دەگەمەوە ماڵ سێ چارەگم پێ دەچێت". ئەو كە كاتەكانی تاقی كردووەتەوە، دەڵێ "درەنگ و زووی نییە، هەر لە دوای عەسرەوە ئەو شەقامە دەگیرێت تا درەنگانی شەو".

رێگەی سەرەكیی كۆیە كە بەردەوام ‌ئۆتۆمبێل جرتوفرتیانە، بێجگە لە خەتی دەرەوە، چەند رێگەیەكی بۆ شەقامی سەرەكی كەركووك و رێگەی سەرەكیی شەقڵاوە لێ دەبێتەوە و زیاتر لە ٣٤ گەڕەكی شاری هەولێریش بەملاولا بە درێژایی شەقامەكە درێژ بوونەتەوە.

هەرچەندە ئەو شەقامە ڕاستەڕێیە سووڕانەوە (یوتێرن)ی زۆرن، بەڵام هەموو ئەوانە قەرەباڵغ نین و ئەو جەنجاڵییە لە دوو دانەكەی ئەملاولای ماجیدی مۆڵن، چوار ڕیز ئۆتۆمبێل بە تەنیشت یەكەوە بە ‌بەردەم پۆلیسی هاتوچۆ هەوڵی سووڕانەوە دەدەن. هەر ئۆتۆمبێلە و لەوسەری شەقامەوە بەرەو یوتێرن مل دەنێ. بەشێوەیەك ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەسووڕێنەوە تەنیا رێگەیەكی باریك بۆ ڕاست ڕۆیشتن دەهێڵنەوە. ئەمەی روو دەدات تەنیا لە هەولێر دەبینرێ و پۆلیسیش واقی وڕ ماوە، وەك بڵێی ئەو شارە ئەندازەی هاتوچۆی نەبێ چارەسەری ئەو سووڕانەوانە بكات كە لە هیچ شوێنێك نابینرێن، هەولێر نەبێ .
لەو بەینەدا پۆلیسی هاتوچۆ ئێواران دەبینرێن و ئەوانیش تەماشاكەرن و دەرەقەتی ئەو هەموو ئاپۆڕای ئۆتۆمبێلانە نایەن كە لە هەموو لاوە هروژم دێنن. ڕائید فازڵ حاجی گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر دەڵێ، "تیمێكی تایبەتی پۆلیسی هاتوچۆ بۆ ئەو سووڕانەوانەی نێوان شەقامەكە دانراون، بەڵام بەو حاڵەشەوە دەرەقەت نایەین".
هەڵبەت ئەو قەرەباڵغییەش بەبێ ڕووداوی هاتوچۆ نییە، بەڵام وەك ڕائید فازڵ بۆ "وشە" ڕای دەگەیەنێ، لەبەر لەسەرخۆ ڕۆیشتن، ڕووداوەكان لێخشاندن و پێكدادانی سووكن.

لە دنیادا پۆلیسی هاتوچۆ بۆ رێكخستنی شارە، بەڵام لە هەولێر زیاتر رۆڵی تەماشاكەر دەبینن و زۆرجاریش مۆباڵەكەیان لە ئەركەكەیان زیاتر گرنگە لایان.

هاتوچۆ دەستەوەستانە، بۆیە بنبڕكردنی ئەو قەرەباڵغییە لای شارەوانییە و ئەوانیش نەخشەیان بۆی هەیە. شوان یوسف بەڕێوەبەری تەكنیكی سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، ئاماژە بە جەنجاڵی ئەو دوو سووڕانەوەیە دەدات كە بەهۆی ئەوەی گەڕەكێكی زۆری شاری هەولێر و لادانی سەر شەقامەكانی كەركووك و شەقڵاوەی لەسەرە، پاڵەپەستۆی زۆری بۆ دروست بووە و ئاماژە بە هەڵگرتنیان دەدات. 
ئەو بە "وشە"ی گوت، "ئەو دوو سووڕانەوە هەڵدەگیرێن و دەچێتە سەر پردی یەكتر بڕی رێگەی كۆیە و ١٢٠ مەتری". شوان یوسف ڕوونی دەكاتەوە كە بۆ سووڕانەوە پێویستە بەسەر پردەكە بكەویت و لەوبەر دابەزیتەوە، كە بەوەش ئەو بەڕێوەبەرەی شارەوانی پێی وایە، "بە تەواوبوونی ئەو پردەی سەرووی ماجیدی مۆڵ، ئەو گرفتە نامێنێت و قەرەباڵغییەكە پەرت دەبێت".

سەرباری تەنگژەی دارایی، پڕۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر هەر بەردەوامە و كۆمپانیای جێبەجێكار هەواڵی زوو تەواوبوونی دەدات.

ئەمیر عەبدولخالق ئەحمەد بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی رێگە لە گرووپی هێمن ڕای دەگەیەنێ، سەرەڕای كەمیی بودجە، كارەكانمان بەردەوامە و ئێستە كار لە دروستكردنی پردی بەردەم ماجیدی مۆڵ دەكەین. ئە‌و بە "وشە"ی راگەیاند "لە بەرنامەدایە تا كۆتای مانگی ١٢ ئەو پردە تەواو بێت و بەڕووی شۆفێراندا بكرێتەوە".

شەقامی خێرایی ١٢٠ مەتری كە بە مەودای ٤٠ كیلۆمەتر باوەش بە هەولێردا دەكات و تێچووەكەی ٤٥٠ ملیۆن دۆلارە. دیزاینی ئەو شەقامە خێرایە بە شێوەیەكە كە بێ ترافیك لە چوارڕیانە سەرەكییەكانی دەپەڕێتەوە و ئەگەر وەك دیزاینەكەی جێبەجێ بكرێت، قەرەباڵغی و جەنجاڵی شەقامەكانی هەولێر كەمتر دەكاتەوە.

ئێستە شێروان و هەموو ئەوانەی ڕۆژانە ئەو شەقامە رێگەیانە، دەبێت چەند مانگێكی تر تامی ئەو لەرزوتایە بچێژن كە بە تەواوبوونی پردی ١٢٠ مەتری لە سەرەتای ساڵی نوێوە بۆیان دەبێتە یادەوەرییەك و ئەوكات دەتوانن وەك بەرزەكی بانان بەشەقامەكەدا دەرچن.
 
هەولێر/چواس خالید


وشە - تایبه‌ت