ریال مەدرید زراوی لە یۆڤانتۆس چووە

:: AM:10:43:23/05/2017 ‌

راهێنەری ناوداری ئیتاڵی فابیۆ كاپێلۆ رایگەیاند كە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ترسی زۆری لە یانەی یۆڤانتۆس هەیە لە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و ریال مەدرید رۆژی 3ی مانگی داهاتوو لە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە شاری كاردیفی ویڵز رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

كاپێلۆ لەبارەی یارییەكە بۆ وارگەی (فۆكس سپۆڕت)ی ئیتاڵی گوتی: یانەی ریال مەدرید زراوی لە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكان بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆس چووە.

زیاتر گوتی: پرسیاری زۆریان لێ كردووم سەبارەت بەوەی بۆچی تا ئێستا یانەی یۆڤانتۆس گۆڵی نەخواردووە، منیش وەڵامم داونەتەوە كە هێشتا هیچیان سەبارەت بە هێڵی بەرگری یانەی یۆڤانتۆس نەزانیوە و چاوەڕێی یاریی كۆتابن و یارییەكە زەحمەتتریش دەبێت.

ئەو راهێنەرەی پێشووی یانەی یۆڤانتۆس و ریال مەدرید هەروەها گوتی: باشترین خاڵی سەركەوتووی یانەی ریال مەدرید بوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالییە، چونكە ئەو باشترین هێرشبەر و گۆڵكاری جیهانە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م