بنێشتە كوردییەكەی ئاكرێ‌ روو لە نەمانە

:: AM:10:50:23/05/2017 ‌

شارەدێی دینارتەی سەربە شارۆكەی ئاكرێ‌، یەكێكە لەو ناوچانەی كوردستان كە زۆرترین دارقەزوانی هەیە، ساڵانی رابردوو خەڵكانێكی زۆر لە دارقەزوانەكانەوە بنێشتیی كوردییان بەرهەم دەهێنا، بەڵام بەهۆی نەبوونی كارگەوە، بەرهەمهێنانی ئەو بنێشتە بەرەو نەمان دەچێت.

هەیسەم موسڵیح هاووڵاتییەكی سنووری شارەدیێ‌ دینارتە، بە"وشە" دەڵێ‌، "بەرهەمهێنانی بنێشت كارێكی ئاسان نییە و ماندووبوون و شارەزایی دەوێ‌، دروستكردنی بنێشتەكە چەند قۆناغێكی پێویستە و كاتی زۆر دەخایەنێت".

ئەو دەڵێ‌، "لە سەرەتادا دارقەزوانەكە بریندار دەكرێت و بنێشتەكە لە قەدی درەختەكەوە وردە وردە دێتە دەرەوە، پاش ئەوەی خانەیەكی قوڕ بۆ كۆكردنەوەی بنێشتەكە دروست دەكرێت و دەڕژێتە ناوییەوە كە حەوزی بنێشت كۆكردنەوەی پێ دەڵێن، پاش پڕبوونی حەوزەكە، بنێشتەكە دەخرێتە قاپێكی گەورە و دەگوازرێتەوە ماڵ و پاشان لە رێگەی مەنجەڵێكەوە دەخرێتە سەر ئاگر بۆ جیابوونەوەی بنێشتە سافەكە".

"ساڵانی رابردوو لە زیاتر لە 100 ناوچەی دینارتە وەبەرهێنانی بنێشت هەبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانی حكوومەت و دروستبوونی هەزاران جۆری بنێشتی تر بەشێوە و نرخێكی كەمتر، ئێستە وەبەرهێنانی بنێشتی كوردی دەگمەن بووە" موسڵیح وای گوت.

شێخزادە یاسین بەساڵاچوویەكی دۆڵی زێباریی سەربە شارەدیێ‌ دینارتەیە، ئاماژە بەوە دەكات، "لە كۆندا وەبەرهێنانی بنێشت لە سنووری دینارتە و گوندەكانی دەوروبەری زۆر باو بوو، بەڵام ئێستە زۆر كەم بووەتەوە".

ئەو، بە"وشە"ی گوت "لە پێشتردا ساڵانە سەرووی 10 تۆن بنێشت لە دینارتە كۆ دەكرایەوە و بەرهەم دەهات و لە بازاڕەكانی دهۆك و مووسڵ و شارەكانی تری كوردستان دەهاتنە فرۆشتن".

ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئایاردا، ئامادەكارییەكان بۆ بەرهەمهێنانی بنێشتی كوردی دەست پێ‌ دەكات، ئەوانەی بنێشتەكە كۆ دەكەنەوە، دەچنە شاخەكان و دەست بە برینداركردنی دارقەزوان و دروستكردنی حەوزی بچووكی قوڕ بەدەورییەوە دەكەن.

كرمانج چاڵی یەكێكی تر لە هاووڵاتییانی سنووری دینارتە، بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "بەهۆی نەبوونی كارگە و زۆربوونی بنێشتی بیانی، ئێستە وەبەرهێنانی بنێشت ناكرێت، یان زۆر كەم بووەتەوە".

لە بەرامبەردا ئەحمەد جەمیل ئەبوزێد بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ‌، بە"وشە"ی راگەیاند، "داتایەكی فەرمی بەردەست نییە لەبارەی چەندیەتی و چۆنیەتی رێژە و جۆری ئەو بنێشتەی لە دینارتە بەرهەم دێ، بەڵام ئەوە روونە كە پێشتر خەڵكێكی زۆر پێیەوە سەرقاڵ بوون و ئێستە كەم بووەتەوە".

ئەو دەڵێ‌، "لە سنووری شارۆكەی ئاكرێ‌، 614 دۆنم زەوی لە دارستان و ناوچە شاخاوییەكان تایبەت بە داری قەزوان هەیە و بەشی هەرە زۆری دەكەوێتە سنووری شارەدێی دینارتە و گوندەكانی و ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن قەزوان بەرهەم دەهێنرێت".

شارەدیێ‌ دینارتە نزیكەی 150 گوند لەخۆ دەگرێت و 40% ئەو گوندانە دەكەونە ژێر دەسەڵاتی پەكەكە، بەو هۆیەوە هاووڵاتییان ناتوانن سوود لە خاك و درەختی ئەو گوندانە وەربگرن.

  ئاكرێ‌/ نەوزاد هلوری





وشە - تایبه‌ت